حزبی شیوعی: گەلی کوردستان گەلێک ھەڵکشان و داکشانی دیوە
د. کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند: "پێویستە ئێستا یەکپارچەیی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو لایەنەکانەوە بپارێزرێت و بە ھیچ شێوەیەک بانگەشە بۆ عەقڵیەتی دوو ھەرێمی نەکەین".
سکرتێری حزبی شیوعی، ئەوەش بە گرنگ دەزانی کە کە شەڕی ڕاگەیاندن ڕابگیرێ و ھەوڵ بدرێ لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای داواکاری گەل، گفتوگۆیەکی ھاوسەنگ بکەن و کۆببنەوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە نە گەلی کوردستان، نە پێشمەرگەی کوردستان تووشی شکست نەھاتوون، ئەگەر دروستبوونی ئەو دۆخە پیلانگێڕی بووبێ یان ھەرشتێکی دیکە، ئەوا پێویستی بە ھەڵسەنگاندنێکی سیاسی ھەیە، گوتشی: "گەلی کوردستان لە کاری تێکۆشاندا، تووشی دەیان ھەڵکشان و داکشان ھاتووە، ئەمەش دوا پەڕەی تێکۆشانیەتی و ئەم دۆخەش تێدەپەڕێ، بۆیە بەسەربەرزییەوە دەڵێین گەلی ئێمە لە 25ی ئەیلوول گەورەترین سەرکەوتنی تۆمار کرد و داوای سەربەخۆیی کرد".
باسنیوز
