مامۆستایەکی زانکۆ: پێوست ناکات بێ ئیرادە بین چونکە مەرج نیە ھاوکێشەکان ھەروا بڕۆن
د.ئازاد نەقشبەندی، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، رایگەیاند: "کوردستان بە زۆر قۆناغ تێپەڕیوە، زۆر ھەڵکشان و داکشانی بینیوە، لە نسکۆی شۆرشی ئەیلوول، کیمیاباران، ئەنفال و کۆڕەو، بەڵام ھیچ یەکێک لەو کارەساتانە چۆکی پێدا نەداوە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، جەختی لەوەش کردەوە: "ئیستا کە قۆناغێک ھاتووەتە پێشەوە بەدڵی خەڵکی کوردستان نییە، مانای ئەوە نییە کە کۆتایی ھەموو ھاوکێشەکانە، کوردستان توانای ھەستانەوەی بەھێزی ھەیە، ئەزموون لە رابردوو وەردەگرێت سوود لە کەموکورتییەکان وەردەگرێت".
ئاماژەی بەوەش دا کە گەلێک خاوەنی سەدان ھەزار شەھید بێت، قەد ناکەوێت، بۆیە ئەم خاڵە شیاوی ئەوەیە کە بەرگری لێ بکرێت، ئیرادە بەھێز بێت و کەس خۆی بێ ئیرادە نەکات، چونکە مەرج نییە ھاوکێشەکان ھەروا بڕۆن.
د. ئازاد نەقشبەندی، گوتیشی: "ناکرێت خەڵکی کوردستان خۆیان لە چوارچێوەیەک بدەن کە دواجار نائومێدیان بکات، تازە گەلی کوردستان و قارەمانی پێشمەرگە لە لوتکەدایە و ھیچ کاتێک سازش لەسەر ئەو شتانە ناکەین کە بەدەستمان ھێناوە".
باسنیوز
