شیکەرەوەیەکی سیاسیی ئەمریکی: ئێران سودمەندی یەکەمی رووداوەکانی کەرکووکە
تیم لیستەر، شیکەرەوەی سیاسیی کەناڵی CNN رایگەیاندووە، گەلی کوردستان هەستیان بە دڵەڕاوکێ دەکرد بەرامبەر ویستی فراوانخوازیی میلیشیا شیعەکان.
تیم لیستەر هەروەها رایگەیاندووە، کە هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە دژی سوپای پاسدارانی ئێران ”رێکەوتێکی ئاسایی نەبووە“.
ئەو شیکەرەوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی زۆرترین کاتەکانی لە عێراق بەسەر دەبات و سوودمەندی یەکەمیش لە هێرشەکەی حەشدی شەعبی، ئێرانە.
لیستەر پێی وایە هێشتا هەلی چارەسەرکردنی دۆخەکە ماوە، هەرچەندە کوردەکان دڵنیابوون لەوەی دوای کۆتایی هێنان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، شەڕێکی گەورەیان لەپێشە لە دژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە سوپای پاسداران پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوییان دەکات.
هەروەک ئەو شیکەرەوەی CNN رایگەیاندووە، نەمانی داعش لە عێراق و سووریا دەرگا بەڕووی چەندین ململانێ و خۆسەپاندن لە ناوچەکە دەکاتەوە، کە هەموو ململانێکانیش لە بەرژەوەندیی ئێران تەواو دەبن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد.
باسنيوز
