هێمن هەورامی: بە ورەیەکی بەرزی پێشمەرگانەوە ئەم قۆناخەش تێدەپەڕێنین

هێمن هەورامی: بە ورەیەکی بەرزی پێشمەرگانەوە ئەم قۆناخەش تێدەپەڕێنین
هێمن هەورامی بەرپرسی کاروباری سیاسیی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی سەرۆك بارزانی، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) لە وتارێكدا دڵنەوایی داوە كە بە ورەیەكی بەرزی پێشمەرگانەوە ئەم قۆناخەش تێدەپەڕێنن.


هەروەها نووسیویەتی "لە ناخی هەر کوردپەروەرێکدا برینێک هەیە کە بە هۆی خیانەت و پیلانێكی گەورەی بەرفراوان هاتووەتە ئارا. هەموو ئەمانە باجی ژیانی بە ئیرادە و بە کەرامەتی گەلێکە کە بریاری داوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوانی دیکە ئازادانە و سەربەرزانە بژیت".


هەورامی هەروەها دەڵێ "کوردستان قۆناغی زۆر لەمە سەختتری بریوە و دلنیا بن هاوکێشەکان وا دەکەونەوە کە سەربەرزانە خەلکی کوردستان بە ئامانجە هەرە مەزنەکە بگات. لەم قۆناغەدا، پشوودرێژی و لەدەستنەدانی ئیرادە و ئومێد و کۆکردنەوەی هێز و وزە و تواناکانمانی دەوێت بۆ هەڵگێڕانەوەی پیلانەکان بەسەر داریژەران و هاوکارەکانیان. کوردستان بە ئیرادەی پتەوی پیشمەرگە و خۆراگری جەماوەر و ورە بەرزیەوە سەرکەوتووانە لەم قۆناغ و کۆسپە کاتیە دیتە دەرەوە".


لە كۆتاییشدا هاتووە "لە راپەرین و هەڵبژاردن و ریفراندۆم کەرکووکمان لەدەست نەداوە، نوشوستی کاتی سەربازی بەهۆی خیانەت و پیلانیکی گەورەی هەرێمایەتی، ناتوانێ کوردستانیەتی کەرکووک بسڕێتەوە و یەک کوردیشی تێدا نەمێنێ هەر کوردستانە".


جێی باسە دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە به‌شێك له‌ به‌رپرسانى يه‌كێتى له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌يمانى و ميليشياكانى حه‌شدی شەعبی رێككه‌وتن و بڕياريان دا كه‌ركووك و سه‌رجه‌م سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ راده‌ستى حه‌شد و هاوكارانيان له‌ سوپاى پاسداران بكه‌ن، ئەمڕۆ لەو چوارچێوەیەدا به‌شێك له‌ به‌رپرسانى يه‌كێتى فه‌رمانيان دا به‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانيان له‌ سه‌نگه‌ره‌كان و ڕێگه‌يان بۆ داگيركردنى شارى كه‌ركووك له‌لايه‌ن حه‌شد و سوپاى پاسدارانه‌وه‌ خۆش كرد.


پێشتر فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە چەند سەرکردەیەکی یەکێتی خیانەتێکی مێژووییان لە کوردستان کردووە و کۆسرەت ڕەسول عەلییان بە تەنیا جێهێشتووە.

bas news-
Top