بازیانی: ئەو کودەتایەی بەغدا لە دژی هەرێم دەیکات بە شکستی خۆی تەواو دەبێت

 	 بازیانی: ئەو کودەتایەی بەغدا لە دژی هەرێم دەیکات بە شکستی خۆی تەواو دەبێت
سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی دەڵێت، ئەوەی لە کەرکووک ڕووی داوە موئامەرەیەکە لە لایەن بەغداوە دژی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام ئەمە بە شکستی ئەوان تەواو دەبێت و جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر لە نێوخۆمان خیانەت نەکرابووایە، ھەرگیز حەشدی شەعبی نەیدەتوانی نزیکی کەرکووک بێتەوە.

سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی، (د. محەمەد بازیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە ئێستا لە دەوروبەری کەرکووکین و ئەوەی ڕووی داوە موئامەرەیەکە دژی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام با گەلی کورد دڵنیا بێت، بە شکستی ناحەزانی کورد تەواو دەبێت.''

(د. محەمەد بازیانی) گوتیشی: ''ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ناکەوێتە ژێردەستی ئەوان، بەڵام بەداخەوە ھەست دەکرێت خیانەت لە نێوخۆی ئێمە دەکرێت، گەرنا حەشدی شەعبی نەیدەتوانی لە کەرکووک نزیک بێتەوە، سەرەڕای ئەمەش خەڵکی کەرکووک و ھێزی پێشمەرگە بە ورەیەکی بەرزەوە بەرگری لە خاکی کەرکووک دەکەن و لە بەرەی شەڕدا ئامادەن.''
(بازیانی) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمە سەرەتایەکە بۆ بەدیھاتنی ئاواتی گەلی کورد و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دێتە سەرخەت و بێدەنگ نابن و ئەو زوڵمەی لە گەلی کوردستان دەکرێت، قبووڵ ناکرێت.''

(عەدنان کەرکووکی)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی چۆڵکردنی سێ میحوەری کەرکووک لە لایەن ھەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتییەوە، حەشدی شەعبی توانی زەفەر بە کەرکووک ببات، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی کورد پلانێکی نوێ دابنێت و ڕووبەڕووی ئەو پلانە ببێتەوە و لەناوی ببات و دەست بەسەر کەرکووکدا بگرێتەوە.''
kdp-
Top