پەرلەمانتارێکی یەکێتی: ئەو بەرپرسانەی بەرگرییان لە کەرکووک نەکرد خیانەتیان لە گەلەکەیان کردووە

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: ئەو بەرپرسانەی بەرگرییان لە کەرکووک نەکرد خیانەتیان لە گەلەکەیان کردووە
پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە شەرمێکی گەورەیە، ھەندێک بەرپرسی باڵا، هێزەکانی پێشمەرگەیان لە شاری کەرکووک کشاندووەتەوە کە بەرپرسانی یەکێتین.

قادر ڕەزگەیی، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "شەرمێکی گەورەیە، ھەندێک بەرپرسی باڵا، ھێزی پێشمەرگەیان لە شاری کەرکووک کشاندووەتەوە، لەکاتێکدا لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای کەرکووک پێویستی زۆری بە پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەیە".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو: "پێویستە پارتی، یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە ھەوڵی ئەوە بدەن بارودۆخی شاری کەرکووک ھێور بکرێتەوە، بۆ ئەوەی جموجۆڵەکانی حەشدی شەعبی کاریگەریی خراپی بۆ ئایندەی کەرکووک نەبێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "نازانم کاک کۆسرەت بە تەنیا بەجێماوە یان ھێزێکی گەورەی لەگەڵدایە، بەڵام ھەر بەرپرسێک لە کەرکووک ڕابکات، خیانەتی لە گەلەکەی خۆی کردووە، جگە لە ڕووڕەشی، ھیچ شتێکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە، چونکە بەجێھێشتنی شارێکی گەورەی کوردستانی، کارەساتێکی گەورەیە".

قادر رەزگەیی، ئەوەشی روون کردەوە: "ئەم دۆخەی ئێستا پێویستی بە یەکڕێزی و ھەڵوێستی پارت و لایەنە سیاسییەکان ھەیە، کاتی ئەوە نییە ئێمە پەلاماری یەکتری بدەین، پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەو درزەی ئێستا درووست بووە، ھێندەی دیکە گەورە بێت، چونکە قوڵبوونەوەی ئەم بارردۆخە زیانی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت".









باسنیوز
Top