یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە
لە بەیاننامەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، تێدا ھاتووە: "ئەوەی ئەمڕۆ لەو شارە روویدا بۆ لەباربردنی دەستەکەوتەکانمان، پێشھاتێکی مەترسیدارە و جێگای داخ و حەسرەتە".
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "داوا لەسەرجەم ھێز، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە بە یەکڕیزی و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی و بە گیانی بەرپرسیاریەتی نیشتمانییانە رووبەرووی ئەم دۆخە ببینەوە و گەلی ئێمە کێشەی لەمە گەورەتری بەرێکردووە".
دەقی بەیاننامەکەی یەکگرتووی ئیسلامی:
جەماوەری سەربەرزی کوردستان..
بەداخەوە جارێکی تر ناحەزانی میللەتەکەمان تەفرەقە و دووبەرەکی ناوخۆیان قۆستەوە و پەلاماری شاری کەرکووکی خۆشەویستیاندا.. ئەوەی ئەمڕۆ لەو شارە روویدا بۆ لەباربردنی دەستەکەوتەکانمان، پێشھاتێکی مەترسیدارە و جێگای داخ و حەسرەتە، ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەم کاتە ھەستیارەدا خوازیارین کە ئەم ھەڵومەرجە، کاتی چنینەوەی دەستکەوتی حزبی و موزایەدە و شەماتەتکردن بە یەکدی نییە، کاتی ئەرکی نیشتمانی، ئەخلاقییە و مێژوو رەحم بە کەس ناکا.
بۆیە داوا لەسەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین، کە بە یەکڕیزی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و بە گیانی بەرپرسیاریەتی نیشتمانیانە رووبەرووی ئەم دۆخە ببینەوە و گەلی ئێمە کێشەی لەمە گەورەتری بەرێکردووە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ھێز و لایەنە سیاسییەکانیش بە پێویست دەزانین بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخ و پێشھاتەکاندا.
لێرەوە خۆراگری خەڵکی بە ھیمەتی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەنرخێنین و داواکارین میللەتەکەمان بە ورەیەکی بەرز و دان بە خۆداگرتن و گەشبینی و ئومێدی بەرزەوە رووبەرووی ھەموو پێشھاتەکان ببینەوە.
سەرکەوتن ھەر بۆ ئیرادەی گەلی کوردستان و دۆزە رەواکەیەتی
ئەنجومەنی سیاسی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
16/10/2017
باسنیوز
