شێخ جەعفەر: مەترسی ھەیە قەرەتەپە و جەبارەش بفرۆشرێت

 شێخ جەعفەر: مەترسی ھەیە قەرەتەپە و جەبارەش بفرۆشرێت
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە مەترسیی ھەیە قەرەتەپە، خانەقین و جەبارەش بفرۆشرێن.



شێخ جەعفەر مستەفا بەرپرسی لقی 15ـی خانەقینی پارتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ناوچە کوردستانییەکان، سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەھێزترکراون، ساتر لێدراوە و ئەمنیەتی ناو شاریش بەھێزتر کراوە.



شێخ جەعفەر مستەفا هەروەها رایگەیاند، مەترسی ھەیە جەلەولا، خانەقین، سەعدیە و قەرەتەپە و جەبارەش ”فرۆشرابێت“، بۆیە پێشمەرگە کەوتووەتە ئامادەباشییەوە.



ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بە رۆڵی گەنجانی خۆبەخشی کەرکووک و کوردستان کرد و رایگەیاند، خەڵکی مەدەنی ”بە ورەیەکی بەرزەوە خۆیان ئامادە کردوە بۆ ھەر ئەگەرێک“.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە باشووری کەرکووک، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و گەنجانی خۆبەخشی شارەکە بەرپەرچیان دانەوە و تووشی شکستێکی گەورەیان کردن.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، هێزێکی یەکەی 70ـی پێشمەرگەی یەکێتی بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانیان، لە سەنگەرەکانی پاراستنی شاری کەرکووک لە تەلوەرد و شارەدێی تازە کشانەوە.



باسنیوز
Top