شاخەوان عەبدوڵڵا: کشانەوەی هێزەکەی یەکەی 70 رێککەوتنی فرۆشتنی کەرکووک بوو
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێژنەی ئاسایشی و بەرگری ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو هێزەی لە پاراستنی سنوورەکانی کەرکووک کشاوەتەوە ”پێشتر“ رێککەوتنی کردووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ”بەداخەوە“ ھێزێکی یەکەی 70ـی پێشمەرگەی یەکێتی، مەعەسکەر خالید و تەلوەردیان چۆڵ کردووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند، کە پێشتر دیارە رێککەوتن ھەبووە بۆ فرۆشتنی ئەو ناوچانە و ”ئێستاش داوامان لە ھێزی دیکە کردووە“، شوێنی ئەو ھێزانە پڕبکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئامەژی بەوەش کرد، کە ئەو ناوچانەی چۆڵ کراوە، حەشدی شەعبی دەستی بەسەریاندا نەگرتووە و بە پێویستیشی دەزانێ ”ھێزێکی تۆکمە بچێت ئەو شوێنانە پڕبکاتەوە“.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە باشووری کەرکووک، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و گەنجانی خۆبەخشی شارەکە بەرپەرچیان دانەوە و تووشی شکستێکی گەورەیان کردن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، هێزێکی یەکەی 70ـی پێشمەرگەی یەکێتی بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانیان، لە سەنگەرەکانی پاراستنی شاری کەرکووک لە تەلوەرد و شارەدێی تازە کشانەوە.
باسنيوز
