ڕێبوار تاڵەبانی: لایەنی عێراقی گوێی لە ئەمریکا نەگرت و دەستپێشخەریی شەڕی کرد

 ڕێبوار تاڵەبانی: لایەنی عێراقی گوێی لە ئەمریکا نەگرت و دەستپێشخەریی شەڕی کرد
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای گەیاند، لایەنی عێراقی گوێی لە ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش نەگرت و دەستپێشخەریی شەڕیان کرد، بۆیە پێیوایە لە داهاتوودا هاوپەیمانان پشتیوانی لە پێشمەرگە دەکەن.



کەمێک لەمەوبەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای گەیاند، هەموو هێزەکان لە ئامادەباشی دان و هیوای خواست عێراق بە حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی ”ئەو هەڵەیە نەکات“. ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر هەر شتێک ڕوو بدات، خەڵکی کەرکووک هەمووی لەناو شەقامەکانن بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەمشەو هەوڵیان داوە خۆیان تاقی بکەنەوە و بزانن پێشمەرگە چۆن بەرپەرچیان دەداتەوە، بەڵام ”پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و خەڵکیش ورەی زۆر بەرزە. هەموومان ئامادەین بە ڕۆح و بە گیان بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک“.



ڕێبوار تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە ئەوەی عێراق دەیکات، هەڵەیەکی مێژووییە و چاوەڕێ بووین بە ئاشتی و گفتوگۆ یەکلای بکەینەوە، بۆیە ”ئێمە بەرپەرچیان دەدەینەوە و ناتوانن هیچ مەرامێکیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان جێبەجێ بکەن“.



هەرچەندە لایەنی ئەمریکی چەندان جار داوای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ شەڕ نەکەن، بەڵام ئەمشەو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە، لەمبارەیەشەوە ڕێبوار تاڵەبانی بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند: ”لایەنی عێراق گوێیان بە تەوجیهی ئەمریکییەکان نەداوە کە نابێت دەستپێشخەریی شەڕ بکرێت، بۆیە ئەگەر هەیە لە داهاتوو ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان پشتیوانی لە پێشمەرگە بکەن“.




باسنيوز
Top