چاودێرێكی سیاسی: تا كۆنگرە كۆسرەت رەسول سكرتێری گشتیی یەكێتیە
ئەكادیمیسیان و چاودێرێكی سیاسیی كوردستان رایدەگەیەنێ دەبێ لە ئێستەوە تاكو بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، كۆسرەت رەسول سكرتێری گشتیی یەكێتی بێت، ئەمەش لە پای ئەو ڕۆڵە نیشتمانییەی كۆسرەت رەسول لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی یەكڕیزی كورد لەم قۆناخەدا دەیگێڕێ.
دكتۆر مەغدید سەپان چاودێری سیاسی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك)، لەبارەی ڕۆڵی گرنگ و كاریگەری كۆسرەت رەسوڵ لەو قۆناخە هەستیارەی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، نووسیویەتی "دەبی قبووڵمان بێت تا کۆنگرە، کۆسرەت ڕەسول سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".
سەپان لە وتارەكەیدا نووسیویەتی "پاش کۆچی ناوەختی مامی گەورە، بەگوێرەی پەیرەو و پڕۆگرامی یەکێتی، کۆسرەت رەسول ئێستە سکرتێری گشتیی یەکێتییە. کاک کۆسرەت خۆی ئەو کورسییەی بۆ خۆی هەڵنەبژاردووە، بەڵکو مام و ئەندامانی دوا کۆنگرە، بە جەنابیان ڕەوابینی، بۆیە پاش نەمانی مام، کۆسرەت رەسول بیەوێ یان نەیەوێ، دەبێ کار و ئەرکی سکرتێری گشتیی یەکێتی تا بەستنی کۆنگرەی داهاتوو بەڕێوەببا".
هەروەها نووسیویەتی "زۆرم لا سەیرە، ئەوانەی دوێنێ و ئەمڕۆ باس لە ڕێبازی مام دەکەن و ڕێبازی مام بە ئێمە و کاک کۆسرەت دەفرۆشن، گەنجن و دەبینم هیچ لەو ڕێبازە جوانەی مام نەگەیشتوون، چونکە لەو کاتەی کاک کۆسرەت لەسەر ڕێبازی مام لە ساڵی ١٩٧٧ لە ئەمنی هەولێر و دواتر لە هەیئەی کەرکوک ئازار و ئەشکەنجە دەدرا، ئەوان هێشتا لەدایک نەبووبوون یان منداڵ بوون و شیریان دەخوارد، خێرە ئەوان ئێستا باشتر لە کاک کۆسرەت لە ڕێبازی مام تێدەگەن و پەیڕەوی دەکەن؟ پەیڕەوکردنی ڕێبازی مام بە قسەی گەورە نییە، بەڵکو بە خەبات و تێکۆشان و مێژووی جوانە لەناو یەکێتی، کە کاک کۆسرەت لە ساتە ناخۆشەکانی ژیانیش، لە دوای ئەنفال، لەو کاتەی شەڕی پارتیزانی دەستیپێکرد و هیواکان یەک لەدوای یەک وەک بەفر دەتاوانەوە و لەبەرچاوان ون دەبوون، کوردستانی جێنەهێشت و ئەستێرەی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی ئەو وڵاتی ڕووناک دەکردەوە".
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا نووسیویەتی "لە من نا، لە خەڵک بپرسن یان مێژووی حزبەکەتان بخوێننەوە، کێ بەردەوام، نە جارێک و نە دە و نە سەد لە خۆشی و لە تەنگانە سنگی بۆ مام و ڕێبازی مام و کورد و کوردستان کردۆتە قەلغان؟ ئێوەی بەڕێز، ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێ ڕێبازی مام ون نەبێت و نەوەکانی داهاتوو لێیەوە فێربن و خزمەتی کوردستانی پێبکەن، یەکێتی بەرەو پارچەبوون مەبەن و بەیاناتی جیا جیا دەرمەکەن، پشتیوانی کاک کۆسرەت لە بەرگریکردن لە کوردستان بکەن، چاوەڕێی کۆنگرە بکەن و لەوێندەر کاندیدی خۆتان بۆ پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی دیار بکەن، ئەگەر کەسێکی باش و بەتوانا و شایستە و دڵسۆزی ڕێبازی مام لای ئێوە هەبوو، جگە لە دەنگی من. دڵنیام دەنگی هەرسێك کوڕی کاک کۆسرەتیش وەردەگرن. تکایە زیاتر پیشانی مەدەن، کە ئێوە لەئاست کێشە گەورەکانی کوردستاندانین، گەورانە و بەرپرسانە بیر بکەنەوە، هەڵسوکەوت بکەن، خاوەنی ئەجێندای خۆتان بن. بمانەوێ یان نەمانەوێ، بۆ یەکڕیزی یەکێتی، کە خێری بۆ ئێوە هەبوو و جیقنەی بۆ من، تا کۆنگرەی داهاتوو، دەبێ هەموومان بە یەک دەنگ و ڕەنگ و پشت، یارمەتی کاک کۆسرەت بدەین، یەکێتی لە پارچەبوون، هەرێم لە دوو لەتی ڕزگار بکات".
دكتۆر سەپان لە كۆتاییشدا نووسیویەتی "ئێستە، یەکێتی لە دەستی ئەمین دایە و لێگەڕێن، کۆسرەت رەسول کار و ئەرکی خۆی وەک سکرتێری یەکێتی بەڕێوە ببا. مل لە ملی کاک کۆسرەت مەنێن، ئەگەر ڕێبازی مام بەلای ئێوە جوان و پیرۆزە".
bas news-
