ڕەوشی خورماتوو ئارامە

 	 ڕەوشی خورماتوو ئارامە
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو گوتی، دوای رێککەوتنەکەی دوێنێی نێوان ئیدارەی خورماتوو و حەشدی شەعبی، لەئێستادا دۆخەکە ئارام بووەتەوە و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە.

دوو شەو پێشتر چەکدارانی حەشدی شەعبی تەقەیان لە خەڵکی کورد و ماڵەکانیان دەکرد و هەڕەشەیشان لێ دەکردن کە ماڵەکانیان جێ بهێڵن، کوردیش وەڵامیانی دەدایەوە کە بە هۆیەوە ئاڵۆزی دروست بوو و کوژراو و برینداریش ھەبوو.
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو (کاوە مەلاپەروێز)، لەوبارەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموکراتی کوردستانی راگەیاند "دوێنێ قایمقامی قەزای خورماتوو لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆ بووەوە و رێککەوتن، کە تەقەکردن رابگیرێت و ھێرش نەکەنە سەر یەکتری."

(مەلاپەروێز) دەڵێ، دوای رێککەوتنەکە ھیچ تەقەیەک نەکراوە و دۆخەکە ئارام بووەتەوە و لەئێستادا ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە، بەڵام وەک ئەو بەرپرسە ئەمنییە گوتی "حەشدی شەعبی جێگەی بڕواپێکردن نییە و ھەرکاتێک لە خۆیان راببین، کێشە دروست دەکەن."

(کاوە مەلاپەروێز) زانیاریی دا، گەڕەکی سەربازی لە خورماتوو، کە گەڕەکێکی زۆر گەورەیە، تەنھا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بەھۆی حەشدی شەعبییەوە زیاتر لە ٨٠خێزانی کورد ئاوارە بوونە.

(کاوە مەلاپەروێز) لەسەر ئەو باوەرەشە کە، بە کشانەوەی ئەو ھێزەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کۆ کراوەتەوە و هێنراوەتە ناوچەکە، لە کەرکووک ھەموو کێشەکە چارەسەر دەبێت.
kdp-
Top