موسەننا ئەمین: بەغدا جگە لە قبووڵکردنی گفتوگۆ هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە
(موسەننا ئەمین)، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران گوتی: ''ئێستا ژمارەیەك پەرلەمانتاری توندڕەوی هاوپەیمانیی نیشتمانی پەرلەمان بەڕێوە دەبەن، بەڕێوەبردنەكەشیان بەكارهێنانە دژی گەلی كورد، كە بە ئارەزووی خۆیان ئەجێنداكان دەگۆڕن، بڕیار لە دژی كورد دەردەكەن، ئاڵۆزی دروست دەكەن و قەیرانەكان قووڵتر دەكەنەوە.''
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ڕوونیشی كردەوە: ''ئەو بڕیارانەی كە دراون، هەموویان بڕیاری نایاسایی و نادەستووری و سزای بەكۆمەڵن لەسەر خەڵكی كوردستان، پێویستە بە زووترین كات ئەو سزایانە هەڵبگیرێن، چونكە تەنیا ڕێگا لە نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە گفتوگۆ و ئاشتی، كوردستان ئامادەیە گفتوگۆ بكات، بەغداش دەبێ ئامادە بێت گفتوگۆ بكات و لەسەر هەموو پرسەكان ڕێك بكەون، چونكە ئەو سزایانە نادەستووری و نایاسایین و دژن لەگەڵ سەرەتاییترین مافی گەلی كورد، دژن لەگەڵ ئەوەی كە ئەوان خۆیان دەڵێن، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، ئەگەر كوردستان بەشێكە لە عێراق، چۆن دەبێ سزای بەشێك لە خەڵكی عێراق بدەن.''
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایشی كرد: ''ئەگەر بەغدا هەر لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام بوو و ئامادە نەبوو گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، كورد دەبێ هەر پێداگری لەسەر مافی خۆی بكات، نێوماڵی خۆی ڕێك بخات، ڕیزەكانی خۆی ڕێك بخاتەوە، هێزی خۆی كۆ بكاتەوە و ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و ئەگەرێك كە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات. بڕیارەكانی عێراق ئەوەی تا ئێستا هەیە هیچ نییە و تەنیا بڕیاری كاردانەوەیە، بەڵام دوای ماوەیەكی دیكە ئەوان بۆیان دەردەكەوێت، كە هیچ ڕێگەیەكی دیكەیان نییە و دەبێ لەگەڵ كورد ڕێك بكەون بۆ ئەوەی جیا بێتەوە لە عێراق، بەڵام ڕەنگە ئەوە كەمێك كاتی بوێت، ئەگەر بەغدا هەر لەسەر بڕیارەكانی خۆی بەردەوام بوو جیابوونەوەی كوردستان بۆ سەربەخۆیی خێراتر دەكات.''
kdp--
