محەمەد ئەمین پێنجوێنی: حەشدی شەعبی بە چەند هۆکارێک هێرشی نەکردە سەر کەرکووک

 محەمەد ئەمین پێنجوێنی: حەشدی شەعبی بە چەند هۆکارێک هێرشی نەکردە سەر کەرکووک
سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بەوە دەکات چەند ھۆکارێک ھەبوون بۆ ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھێرش نەکەنە سەر کەرکووک.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد لەبارەی رەوشی شاری کەرکووک رایگەیاند، چەند ھۆکارێک ھەبوون بۆ ئەوەی بەغدا نەتوانێت ھێرش بکاتە سەر کەرکووک.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی هۆکارەکانی باس و کرد، کە بریتین لە:

یەکەم، یەکدەستی و یەکدەنگی خەڵکی شارەکە بۆ بەرگری کردن.

دووەم، بوونی ھێزی پێشمەرگە، کە وەک چەکوش ئامادەبوون بۆ ھەر ئەگەرێک.

سێییەم، ھەڵوێستی نێودەوڵەتی و ئەمەریکاش بەرامبەر بە ئێران و بڕیاری دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەدژی ئێران.

چوارەم، ھەوڵی جددی ھەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت کۆبوونەوەی ئەمرۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بە ئامادەبوونی فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆماریی عێراق، کە ”رەنگە بڕیاری گرنگی تێدا بدرێت".

ئەو سیاسەتمەدارە پێی وایە هەر هێرشێک، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بیکەنە سەر کەرکووک، ”بە زیانی بەغدا تەواو دەبێت“.

ئەوەشی خستەروو، برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نامەیەکی تایبەتی ترمپی ھێناوە بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، کە بەھیچ شێوەیەک کەس بۆی نییە ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان .

لە چەند رۆژی رابردوودا و بۆ گوشارخستنە سەر گەلی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، میلیشیا عێراقییەکان بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک.

رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.










باسنیوز
Top