ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: هاتنە ژوورەوەی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك بە مانای خۆكوشتنیانە
ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: "كە دۆخی ئەمنیی شاریی كەركووك ئارامە و هێزە ئەمنییەكانیش بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشی دان، شاری كەركوویش شارێكی بچووكی وەك حەویجە نییە، تا بە ئاسانی بیانەوێ بێنە ناوە، بۆیە ئەو هەڕەشانەی ئەوان تەنیا بۆ دەسكەوتی سیاسی و موزایەدەی سیاسییە و عەرزی عەزەڵاتیان دەكەن".
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت: "ئەگەر ئەوان بیانەوێت بێنە ناو شار، ئەوا خەڵك شەڕی ئەوان دەكات و بە چەك وەڵامیان دەدرێتەوە، بۆیە ئەگەر خەڵكیش بكوژرێت، ئەوا ئەوان چۆن وەڵامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەنەوە؟ دەسكەوتی ئەوان لەو شەڕە چییە؟"، لەبەر ئەوەی ئەگەر بیانەوێ میللەتێك بكوژن، ئەو كارەیان دەچێتە خانەیەكی دیكە و ئەو خەڵكانەش كە بڕیارێكی لەو جۆرە دەدەن دەبێ دادگایی بكرێن".
پێشتر میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای عێراق 48 كاتژمێریان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە دانابوو بۆ ڕادەستكردنی سەربازگەی كەیوان، كێڵگە نەوتییەكان و فڕۆكەخانە، بەڵام كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ئەو وادەیە تەواو بوو و هیچ هێرشێكیش ئەنجام نەدرا.
باسنیوز
