چەکدارە کورد و تورکمانەکانی ناوچەکە لەنێو حەشدی شەعبی چەکەکانیان دادەنێن
فەرماندەیەکی مەیدانیی پێشمەرگە لە نزیک گوندی (بەشیر) لە باشووری کەرکووک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لەو چەکدارە کورد و تورکمانانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا چوونەتە نێو حەشدی شەعبی و ئەرکیان پێ دراوە، چەکیان داناوە و ڕەتیان کردووەتەوە لە ھێرشکردنە سەر پێشمەرگە، بەشداری بکەن.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چەکدارە کوردەکانی حەشدی شەعبی ئامادە نین شەڕ لە دژی پێشمەرگە و خاکی کوردستان بکەن و بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە ئەوان بۆ شەڕکردن دژی پێشمەرگە چەکیان ھەڵنەگرتووە. گوتیشی: ”چەکدارە تورکمانەکانی حەشدی شەعبی کە بەشێکی زۆریان خەڵکی شاری خورماتوون، باسیان لەوە کردووە کە چەکدارانی خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەنێو حەشدی شەعبی، دوای کۆتاییھاتنی شەڕیان لەگەڵ پێشمەرگە، بۆ شار و ناوچەکانیان دەگەڕێنەوە، بەڵام تورکمانەکان لەگەڵ کورددا ساڵەھای ساڵە دەژین و ناتوانن دوژمنایەتی بۆ ھەتا ھەتایە ھەڵبژێرن“.
فەرماندە مەیدانییەکەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە لە چەند سەنگەرێکی حەشدی شەعبیدا، دوای وازھێنانی چەکدارانی کورد و تورکمان، چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی ھێندراون و شوێنەکانیان پڕکراوەتەوە.
لەمبارەیەوە حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشووری کەرکووک بۆ (باسنیوز) گوتی: "خەڵکێکی زۆری ناو حەشدی شەعبی وازیان لەو ڕێکخراوە ھێناوە، بەتایبەت کوردەکان و تورکمانەکان، چونکە ئامادە نەبوون لەگەڵ پێشمەرگە شەڕ بکەن، لەھەمان کاتدا زۆر سوپاسی خەکانێکی زۆری ناو حەشدی شەعبی دەکەین کە بەردەوام زانیاریی دەدەنە پێشمەرگە و خۆیان پێمان دەڵێن کە ئەوان بۆ پارەیەک ئامادە نین لەگەڵ کوردستان بجەنگێن، لە ھەمانکاتدا خەڵکێکی زۆریان چەکەکانیان ڕادەستی فەوجەکانیان کردووەتەوە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "حەشدی شەعبی دروستکراوی وڵاتێکی دراوسێیە، بۆیە بە ئیرادەوە شەڕ ناکەن و ئەوەی دەیکەن بەشێکی بە فشارە و بەشێکیان ھەڵخەڵەتێنراون، لە ھەمانکاتدا ئەوان باش دەزانن، شەڕکردن لەگەڵ پێشمەرگە قورسە، چونکە بەشێکی زۆریان لە سوپای پێشووی عێراق بوون و دەزانن کارەساتی لێ دەکەوێتەوە”.
لەلایەن خۆیەوە ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەناو ڕیزەکانی حەشدی تورکمانی و حەشدی شەعبیدا نیگەرانی ھەیە، ترسیان لە شەڕی پێشمەرگە ھەیە، بۆیە بەجێھێشنی ڕیزەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامە و نایانەوێت خۆیان تووشی شەڕێک بکەن کە دواجار خۆیان تێیدا زەرەرمەند دەبن".
ئەوەشی خستە ڕوو: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی عەبادی دەجووڵێنەوە، بۆیە ئەوانیش لەناو خۆیاندا ناکۆکن و بەشێکیان سەر بە مالیکین و بەشێکیان سیستانی و بەشێکیان سەدرین و ئەوانە وای کردووە کێشە لەناویاندا پەیدا ببێت".
باسنيوز
