سولەیمانی سەرپەرشتی پیلانەکانی حەشدی شەعبی لە دژی کەرکووک دەکات
رۆژی یەکشەممە 15/10/2017، حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کە ماوەی سێ ساڵە هێزەکەی بەشدارە لە شەڕەکانی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کۆمەڵێک زانیاری بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) درکاندووە.
حوسێن یەزدانپەنا رایگەیاندووە، کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی ”بەشێوەیەکی راستەوخۆ“ سەرپەرشتیی پیلانگێڕیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دژی کەرکووک دەکات.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە قاسم سولەیمانی فەرماندەیی هەڵمەتەکانی دژایەتیی کوردستان دەکات و هەوڵ دەدات بیرە نەوتەکانی کەرکووک بگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا.
لە چەند رۆژی رابردوودا و بۆ گوشارخستنە سەر گەلی کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، میلیشیا عێراقییەکان بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر کەرکووک.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنیوز
