ئیدارەی خورماتوو و حەشدی‌شەعبی رێککەوتن

 	 ئیدارەی خورماتوو و حەشدی‌شەعبی رێککەوتن
ئیدارەی قەزای خورماتوو لەگەڵ ھێزەکانی حەشدی‌شەعبی رێککەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕ لە نێو شاری خورماتوو و، بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، ھەرچەندە نازانین رێککەوتنەکە تا کەی بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ئێستادا رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە.

(ئەرسەلان عەلی) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە خورماتوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "دوای ئالۆزییەکانی رۆژانی رابردوو، تەقەکردنی شەوی رابردووی سەنتەری قەزای خورماتوو لە ئێستادا، رەوش ھەندێک ئاسایی بووەتەوە و قایمقامی قەزای خورماتوو لەگەڵ لایەنی شیعی و حەشدی‌شەعبی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ راگرتنی تەقەکردن. لە ئێستادا ھیچ حاڵەتێکی تەقەکردن نەماوە لەنێو قەزای خورماتوو و شەڕ وەستاوە، بەڵام چونکە پاش ڕێککەوتنەکان شەڕ دەستی پیکردووەتەوە، ئەمجارەیان نازانین رێککەوتنەکە تا چەند بەردەوام دەبێت."

لەبارەی ئامادەکاریی ھێزەکانی حەشدی‌شەعبی بەرپرسی ناوچەی پارتی لە خورماتوو دەڵێ، گرووپەکانی حەشدی‌شەعبی ھێزیان لە ناوچەکانی سلێمان بەگ و دەوروبەری خورماتوو کۆ کردووتەوە و، بەردەوامیشن لەسەر جوولەپێکردنی ھێز، بەڵام ھیچ ھێزێکی نوێ نەھاتووەتە نێو سەنتەری قەزاوە، تەنھا لەنێو ماڵەکاندا خۆیان حەشار داوە و ھێزەکانی پێشتر ماون لەنێو شاردا.

بەھۆی ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی خورماتووەوە، زۆرێک لە ھاووڵاتیانی کورد ماڵەکانیان جێھێشتووە و ئاوارەی گەڕەکە کوردیەکان بوونە، ئەویش لە ترسی دەستڕێژی چەکدارانی حەشدی‌شەعبی بۆ ماڵە کوردەکانی خورماتوو، (ئەرسەلان عەلی) دەڵێ "لەو گەڕەکانەی کورد کەمینەن تێدا، پێشتر ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و ئەوەی جێگەی مەترسی بوو، بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بە حوکمی جیۆگرافیی شارەکە شوێنەکەی نزیکە لەو ناوچانەی حەشدی تێدایە، بەڵام پێموابێت برادەرانی یەکێتی ئەو بارەگایەی خۆیانیان چۆڵ کردبێ."
kdp-
Top