کرمانج عەبدوڵڵا: عەرەبەکانی مەخموور ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان

 	 کرمانج عەبدوڵڵا: عەرەبەکانی مەخموور ئامادەن بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان
بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ھیچ ئاڵۆزییەک لە سنووری مەخموور نییە و عەرەبەکانی ناوچەکە ئامادەییان نیشان داوە بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، لە ئەگەری ھەر ھەڕەشە و ھێرشێکدا.

ڕۆژانی ڕابردوو لە سنووری ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ھێزەکانی حەشدی شەعبی کەوتوونەتە خۆئامادەکردن و جووڵەپێکردنی ھێزەکانیان، (کرمانج عەبدوڵڵا)، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای مەخموور ھیچ پێشڕەوییەکی نەکردووە و ھەموو سنووری قەزاکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆکمە کراون و ڕێگە نادرێت بە ھیچ ھێزێک بێتە ئەو ناوچانە، لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان و سنوورەکە دڵنیا دەکەینەوە، لە ڕووی ئەمنییەوە مەخموور زۆر ئارامە و ھیچ ئالۆزییەکی تێدا نییە.''

سەبارەت بە ھەڵوێستی عەرەبەکانی سنووری قەزای مەخموور، (کرمانج عەبدوڵڵا) گوتی: ''عەرەبەکانی سنووری مەخموور دوای ھەڕەشەکانی بەغدا و حەشدی شەعبی پەیوەندییان پێوە کردووین و ئامادەییان نیشان داوە، بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، ئەوانیش بە ھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن حەشدی شەعبی و ھیچ ھێزێکی دیکە جگە لە ھێزی پێشمەرگە بێتە ناوچەکە.''
kdp-
Top