سوپای عێراق شەڕی دەروونی لە دژی خەڵکی کەرکووک دەست پێدەکات

 سوپای عێراق شەڕی دەروونی لە دژی خەڵکی کەرکووک دەست پێدەکات
هێزە ئەمنییەکانی عێراق شەڕی دەروونی لە دژی خەڵکی کەرکووک دەست پێدەکەن و پروپاگەندەی لاوازبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بڵاو دەکەنەوە.

لە ڕێگەی نامەیەکدا کە بە ناوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ خەڵکی کەرکووک نێردراوە و لە چەند شوێنێکی شارەکەدا بینراوە، داوا کراوە لە بنکە و بارەگا حزبی و سەربازییەکان خۆیان بە دوور بگرن. هاوکات سوپای عێراق باسی لە لاوازبوونی پێشمەرگە کردووە، لە کاتێکدا تاوەکوو ئێستا هیچ هێزێک نەیتوانیوە بەرامبەر بە پێشمەرگە بوەستێت.

لەمبارەیەوە عەقید فەرهاد فازڵ، بەڕێوبەری بنکەی ئاسایشی کوردستان لە کەرکووک ڕایگەیاند، نامەکە شەوی ڕابردوو نێردراوە و هێشتا نازاندرێت بە فڕۆکە هەڵدراوەتە خوارەوە یاخود لەناو شاردا بڵاوەی پێکراوە. گوتیشی: ”لەو نامەیەدا بەشێوەیەکی ناشرین باسی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی دیکەی کەرکووک کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە هاووڵاتییانی کەرکووک کراوە، پاڵپشی لە سوپای عێراق بکەن“.

ئەو بەرپرسەی ئاسایشی کەرکووک ڕوونی کردەوە: ”سوپای عێراق بە ھەڵەداچووە، بیانەوێ هاووڵاتییانی کەرکووک پشتگیرییان بکەن، چونکە خۆشیان دەزانن خەڵکی بەشەرەفی شاری کەرکووک لەماڵەکانیانەوە خۆیان پڕچەک کردووە و چاوەڕێی ھەر جموجۆڵێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەکەن، بۆ ئەوەی بە توندی وەڵامیان بدەنەوە“.











باسنیوز
Top