شرۆڤەكارێكی سیاسی: حەشدی شەعبی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئێران دژایەتیی كوردستان دەكات

 شرۆڤەكارێكی سیاسی: حەشدی شەعبی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئێران دژایەتیی كوردستان دەكات
مامۆستایەیکی زانکۆ و شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، حەشدی شەعبی بە فەرمانی راستەوخۆی ئێران دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە ئەم میلیشایانە کۆپیکراوی سوپای پاسدارانن.

د. پەرویز ڕەحیم، شرۆڤەكاری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین، لەبارەی پەیامەكەی دۆڵاند ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئێران و سوپای پاسداران، ڕایگەیاند: "پەیامەكەی دۆڵاند ترەمپ، فرە ڕەهەندە، بەڵام ڕەوشی ستراتیجیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، بێگومان ئەو پەیامە ئاگادار كردنەوەی ئەمریكایە بۆ ئێران بەو مانایەی ئەگەر كۆماری ئیسلامیی ئێران واز لە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ناسەقامگیری و پاڵپشتی لە تیرۆریستان بۆ هاوپەیمانەكانی نەهێنێت، دواجار ئەمریكا سزای توند و گۆشەگیری بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: "كۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەتەواوی هاوكێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەمریكا، چونكە ئەو وڵاتە زلهێزە پەیوەندی بە پرسێكی گرنگەوە هەیە كە پێكهاتووە لە پرسی تیرۆر، بەڵام یەكێك لەو هۆكارانەی كە تا ئێستا ئەمریكا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئێرانی نەخستووەتە لیستەی تیرۆرەوە، ئەوەیە ئەمریكا ئێران بە هاوپشتیوانی تیرۆر دەزانێت، دواجار ئەمریكا بە جدی بە دواداچوون بۆ پاڵپشتیی ئێران لە گرووپە تیرۆریستییەكان دەكات".

د. پەروێز ڕەحیم قادر ئاماژەی بەوەش كرد: "حەشدی شەعبی لەسەر مۆدێلی كۆماری ئیسلامیی ئێران درووست كراوە، تەنانەت لەڕووی ڕاوێژ و پێداویستیی چەك و مەشقی سەربازییەوە ئێران پشتیوانیی حەشدی شەعبی دەكات، بۆیە ئەگەر حەشدی شەعبی هەر جموجۆڵێك لەدژی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو كارەی كردووە".










باسنیوز
Top