ئاسایشی کەرکووک: پەلامارمان بدەن وەک داعش مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی دەکەین

 ئاسایشی کەرکووک: پەلامارمان بدەن وەک داعش مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی دەکەین
بەڕێوبەری بنکەی ئاسایشی کوردستان لە کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات کە ھاووڵایتیانی شاری کەرکووک خۆیان پڕچەک کردووە و قبوڵی ناکەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ھێرش بکاتە سەر شارەکەیان،

عەقید فەرھاد فازیل، بەڕێوبەری بنکەی ئاسایشی کوردستان لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "ھێزەکانی ئاسایش بەھاوکاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پاراستی شاری کەرکووک کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو و لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق".

بەڕێوبەری بنکەی ئاسایشی کوردستان لە کەرکووک، ئەوەشی خستە روو: "ئەگەر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بیانەوێ بە ھەرپاساوێک پەلاماری شاری کەرکووک بدەن، ئێمە پشتیان دەشکێنین و وەک تیرۆریستانی داعش مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی دەکەین".

جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو ناوچانەی کە پێشتر داعش دەسەڵاتی تێدا ھەبووە، ھێزی پێشمەرگە بەخوێن ئازادی کردووە، ھەروەھا چەند جارێکیش داعش دزەی کردووەتە ناو شاری کەرکووک، توانیویانە تێکیان بشکێنین، دەشڵێت: "بۆیە ڕێگە نادەین دەستی چەپەڵی حەشدی شەعبی پەلاماری کەرکووک بدات، بێگومان ھەموو شەوێک ھاووڵاتیانی شاری کەرکووک ھاوشێوەی ئێمە خۆیان پڕچەک دەکەن، بۆئەوەی ئەگەر حەشدی شەعبی پەلاماری کەرکووک بدات، بە توندترین شێوە وەڵامیان بدەنەوە".

گوتیشی: "پێشمەرگە ھێزێکی شەڕانگێز نییە و تەمەنایی شەڕ ناکات، بەڵام ھەر لایەنێکی دیاری کراو ھەوڵی پەلاماردانی یەک بست خاکی کوردستان بدات، قبوڵی ناکەین و بەچاوی خۆیان دۆزەخیان نیشان دەدەین".










باسنیوز
Top