شێخ جەعفەر: لەیەک بستی خاکی کەرکووک خۆش نابین

 شێخ جەعفەر: لەیەک بستی خاکی کەرکووک خۆش نابین
فەرماندەی یەکەکانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕای گەیاند، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو دایە و ”لە یەک بستی خاکی کەرکووک خۆش نابین“.



شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەکانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاگەیاند: "ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەرەوەی کەرکووک، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و سەنگەرسازیی خۆیان کردووە، چونکە لەلایەن ھەندێک ھێزەوە ھەڕەشەمان لێ دەکرێت، ھەرچەندە پێشمەرگە خۆی لەشەڕ دەپارێزێت، بەڵام ناچارین بەرگری لە سنوورەکانی خۆمان بکەین“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئێستا لەناو شاری کەرکووک، ھێزی پێشمەرگە بوونی نییە، تەنھا ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لەناو شاردان، ”بێگومان ئەوانیش دۆخی ئەمنی شارەکە دەپارێزن“، بەڵام لە دەرەوەی کەرکووک، ھێزی پێشمەرگە کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و ھەر کەسێک بیەوێ سنووری ناوچە کوردستانییەکان ببەزێنێت، ھێزی پێشمەرگە بەرگری لە خۆی دەکات.



لە لێدوانەکەیدا شێخ جەعفەر دووپاتی کردەوە: لە یەک بست خاکی کەرکووک خۆش نابین، چونکە خوێنمان بۆ داوە و خوێنی دیکەش لەپێناو ناوچە کوردستانییەکاندا دەدەین“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، پیلانگێڕییەکیان بۆ چوونە ناو کەرکووک و دەست بەسەرداگرتنی شارەکە داڕشتبوو کە (باسنیوز) ئاشکرای کرد، چەند سەرکردەیەکی یەکێتیش لە پیلانگێڕییەکەدا بەشدارن، بەڵام دوای ئاشکراکردنی پیلانەکە، هەریەک لە (کۆسرەت ڕەسول عەلی، محەمەدی حاجی مەحموود، کەمال کەرکووکی، شێخ جەعفەر و فەرماندە باڵاکانی دیکەی پێشمەرگە) لە کەرکووک کەوتنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.




باسنيوز
Top