بەرەی تورکمانیی عێراقی : سوپای عێراق لە پاراستنی کەرکووک شکستی هێناوە

 بەرەی تورکمانیی عێراقی :  سوپای عێراق لە پاراستنی کەرکووک شکستی هێناوە
جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی عێراق دەمێکە پلانی داناوە بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی نەوتی کەرکووک.



رۆژی شەممە 14/10/2017، حەسەن تۆران، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، کە عێراق پلانی دەستبەسەرداگرتنەوەی بیرە نەوتەکانی کەرکووکی بەهۆی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش راگرتبوو.



حەسەن تۆران، کە حزبەکەی دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە، پێی وایە دوای ئەوەی کۆتایی بە داعش هێنرا، ”ئێستا کاتی ئەوەیە“ بیرە نەوتەکانی عێراق دەستبەسەر بیرەنەوتەکانی کەرکووک، سەڵاحەدین و مووسڵدا بگرێتەوە.



دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 2014 نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر عێراق، سوپای عێراق لەکاتی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا لەماوەی چەند رۆژێکدا هەرەسی هێنا و خەریک بوو کەرکووک بکەوێتە دەست داعش، بەڵام پێشمەرگە و گەنجانی کەرکووک توانییان شارەکە بپارێزن و شکستیان بە پیلانی داعش هێنا.



هەروەها بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر کەرکووک و دەست بەسەر شارەکەدا بگرن، بەڵام پێشمەرگە کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و ئامدەیە بە خوێن بەرگریی لەو شارە کوردستانییە بکات.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بەرپرسانی باڵای عێراق، ئێران و تورکیا بە چەندین شێوە دژایەتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە راگەیاند و حکوومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دا.



سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ عێراق نیشان داوە، بەڵام حکوومەتی عێراق هەموو جۆرە دانوستاندنێک لەگەڵ کوردستان رەت دەکاتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەکات، کە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لە دەسەڵاتی ئەوان و هیچ حزب و لایەنێک نەماوە، گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و کەس ناتوانێ رەتی بکاتەوە.



هەروەها حکوومەتی عێراق بڕیاری دا هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی بنێرێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشمەرگە رەتی کردووەتەوە ئەو ناوچە کوردستانییانە چۆڵ بکات.



رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.



باسنیوز
Top