ئەمریکا ستراتیجیی نوێ لە بەرانبەر ئێران ڕاگەیاند

 ئەمریکا ستراتیجیی نوێ لە بەرانبەر ئێران ڕاگەیاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە چوارچێوەی ستراتیجیی نوێی خۆی لە بەرانبەر ئێران، ڕێگەی بە وەزارەتی خەزێنەداری دا کە سوپای پاسداران بە لسیتەی گەمارۆکانی خۆی زیاد بکات.



دۆناڵد ترەمپ، لە وتارێکی تایبەت و توند لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چالاکییەکانی ئێرانی لە ناوچە و جیهان بە تێکدەرانە و خراپ وەسف کرد و جارێکی دیکە پابەندبوونی ئێرانی بە ڕێککەوتنی ناوکی پەسەند نەکرد.



دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ هەینی 2017/10/14 ئاشکرای کرد، بەپێی زانیاریی پشتڕاست کراوە کە پێی گەیشتووە، ڕای دەگەیەنم کە جارێکی دیکە ناتوانم پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی پەسەند بکەم.



سەرکۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەند ئێمە لەڕاستای توندوتیژی و ئاڵۆزبوونی زیاتر لە ناوچەکە هەنگاو نانێین، هۆشداریی ئەوەشی دا: "ئەگەر بە هاوڕێیەتیی کۆنگرە و هاوپەیمانەکانمان نەتوانین بگەینە چارەسەرێک، کۆتایی بەم ڕێککەوتنە دەهێنین.



لەبارەی سوپای پاسداران، ترەمپ زۆر بە توندی لەبارەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئەو دامەزراوە لە ناوچەکە و تەنانەت لە جیهان و پشتیوانییەکانی سوپای پاسداران لە تیرۆریزم ڕەخنەی گرت و بە سەرچاوەی تیرۆر و توندوتیژی، ئاژاوەگێڕی لە ناوچە لەقەڵەمی دا، بەڵام سەرەڕای گومانی زۆر لەبارەی ئەگەری بە تیرۆریست لەقەڵەمدانی سوپای پاسداران گوتی: ڕێگەی بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا داوە کە سوپا بخاتە ناو لیستەی گەمارۆکانەوە.



لەم بارەوە و هاوکات لەگەڵ ئەم قسانەی ترەمپ، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاش ڕای گەیاند کە سوپای پاسدارانی بە لیستەی گەمارۆکانی خۆی زیاد کردووە.



ڕاگەیاندنی ستراتیجیی نوێی ئەمریکا لە بەرانبەر ئەمریکا، دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە ئیسرائیل و سعوودیە بەڕەوڕوو بووەتەوە.



لە بەرانبەبدا ئەڵمانیا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرایان کردووە کە هاتنە دەرەوە لە ڕێککەوتنی ناوکی، تەنیا پەیوەندیی بە یەک وڵاتەوە نییە.



لە کاردانەوە بەو بڕیار و قسانەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکی، حەسەن ڕۆحانی ڕای گەیاند: "ئەگەر بێت و ڕۆژێک بزانین بەرژەوەندیی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ڤیەننا دابین نەکرێت و لایەنی بەرانبەر لەبارەی ئەم ڕێککەوتنە بڕیارێک بدات، کۆماری ئیسلامیش "چرکەیەک ڕاناوەستێت و وەڵامی دەداتەوە"، بەڵام ئێستا هەتا ئەوکاتەی بەرژەوەندیمان بخوازێ لەو ڕێککەوتنەدا دەمێنینەوە.








باسنيوز
Top