33 پەرلەمانتاری ئەوروپا پشتگیری بۆ کوردستان دەردەبڕن

33 پەرلەمانتاری ئەوروپا پشتگیری بۆ کوردستان دەردەبڕن
گرووپی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا کە لە 33 پەرلەمانتاری تەواوی فراکسیۆنەکان پێکهاتووە، لە راگەیێندراوێکدا پشتگیری بۆ باشووری کوردستان دەردەبڕێ و رایدەگەیێنێ، ئەوان بە نیگەرانییەوە لە کۆکردنەوەی سوپای عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری کەرکوک دەڕوانن.

پەرلەمانتارانی ئەوروپا وێڕای ستایشی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن، داوا لە کاربەدەستانی بەغدا دەکەن بەدەم ئەو داوایەوە بچن و دیالۆگ رەتنەکەنەوە.

لە راگەیێندراوەکەیاندا 33 پەرلەمانتارە ئەوروپییەکە ئەوە بە بیری هەمووان دەهێننەوە کە بڕگە دەستوورییەکەی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک تائێستا جێبەجێنەکراوە، لەکاتێکدا دەبوو لە کۆتایی ساڵی 2007 دا جێبەجێ بکرێت.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا پەرلەمانتارانی ئەوروپا بە بیری هەمووانی دەهێننەوە کە لە هاوینی 2014 دا سوپای عێراق بەرامبەر رێکخراوی داعش رووخا، ئەوە لە سایەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو کە ئەو ناوچانە بە پارێزراوی مانەوە و نەکەوتنە دەست داعش.
RUDAW -
Top