رووسیا بۆچی دژی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانە؟
بەڵام لەدوای خاوبوونەوەی هەڕەشەكانی توركیا لە راگرتنی نەوتی كوردستان، نرخی بەرملێك نەوتی برێنت بۆ 55 دۆلار دابەزی. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە ترس سەبارەت بە راگرتنی نەوتی باشووری كوردستان كەمبووەتەوە.
لەمیانەی كۆڕبەندی وزەی رووسیا لە مۆسكۆ، فلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا رایگەیاند كە لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببڕێت یان رێگە بگیرێت لە هەناردەكردنی نەوتەكەی. هەروەها گوتی هەر سزایەكی ئابووری بەسەر كوردستاندا بسەپێنرێ، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، كەسیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نییە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەكاتی گەڕانەوەی لە ئێران، ئەردۆغان، لە نێو فڕۆكەوە وەڵامی لێدوانەكەی فلادیمیر پوتینی دایەوە و بە پێكەنینەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێدەچێت سوعبەتی كردبێ، چونكە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی رووسیایە، ئەوەشی بڕیار لەسەر هەناردەی نەوتەكە دەدات توركیایە نەك رووسیا".
لێرەدا پێویستە شیكردنەوەیەك بۆ لێدوانەكانی سەرۆكی رووسیا و توركیا بكەین، بۆچی رووسیا نایەوێت نەوتی هەرێمی كوردستان رابگیرێ، بۆچیش ئەردۆغان بە پێكەنینەوە گوتی "پێدەچێت پوتین سوعبەتی كردبێت" چونكە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی رووسیایە؟
ئەگەر تەماشای رێككەوتننامەكەی ئۆپیك بكەین كە ئامانجی كەمكردنەوەی یەك ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا، بۆمان دەردەكەوێت كە لە سەرەتای واژۆكردنی رێككەوتننامەكەی ئۆپیكەوە تا ئەو كاتەی كە رێككەوتننامەكە لەگەڵ رووسیا درێژكرایەوە بۆ كۆتایی چارەگی یەكەمی ساڵی 2018، ئامانج گەڕانەوەی هاوسەنگی بوو بۆ بازاڕی نەوت نەك بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، كاتێك باس لە گەڕانەوەی هاوسەنگی دەكەین بۆ بازاڕی نەوت، باس لە ئەساسیاتی بازاڕ دەكەین، واتا زیادكردنی خواست و كەمكردنەوەی خستنەڕووی نەوت، نەك ببێتە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێوەیەكی كاتی.
ئێستا بازاڕی نەوت لە دۆخی (كۆنتانگۆ) دایە، واتا نرخی گرێبەستە نەوتییەكانی ئەمڕۆ هەرزانتر دەبن لە نرخی گرێبەستە نەوتییەكانی ئایندە، هۆكاری ئەم رەوشەش بۆ بوونی نەوتێكی زۆر لە بازاڕدا دەگەڕێتەوە، ئەمەش بازرگانان هاندەدات كە نەوت هەڵبگرن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بە نرخێكی گرانتر بیفرۆشنەوە. لەسەر ئاستی درێژخایەن، كۆنتانگۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی كۆگاكردنی نەوتەكە، ئەمەش قازانجی نەوتەكە كەمدەكاتەوە، هەر بۆیە بازرگانەكان دووبارە دەست دەكەن بە فرۆشتنی ئەو نەوتەی كە كۆگایان كردبوو، ئەمەش دووبارە خستنەڕووی نەوت لەبازاڕدا زیاد دەكاتەوە. دوای ماوەیەك لە فرۆشتنی نەوتی كۆگاكراو، ئۆپیك دێت و بڕیار لە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەدات، ئەمەش هانی بازرگانان دەدات قەرەبووی ئەو كورتهێنانە بكەنەوە كە لە نەوتی كۆگاكراودا روویداوە، واتا یارمەتی گەڕانەوەی بنەماكان دەدات بۆ بازاڕ كە بریتییە لە زۆربوونی خواست.
ئەوەی كە ئۆپیك و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپیك چاوەڕێی دەكەن، سەركەوتنی خواست نییە بەسەر خستنەڕوودا، بەڵكو گۆڕانی تەواوی رەوشی بازاڕە لە دۆخی كۆنتانگۆ بۆ (باكوردیشین)، بەو شێوەیەش نرخی ئەو نەوتەی لە ئایندەدا دەفرۆشرێت، هەرزانتر دەبێت لەو نەوتەی كە ئێستا دەفرۆشرێت، ئەمەش هانی بازرگانان دەدات كە كۆتایی بە نەوتی كۆگاكراو بهێنن.
بەم شێوەیە بۆمان دەردەكەوێت كە رووسیا و سعودیە هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ بازاڕی نەوت نەك بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی كورتخایەن، چونكە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەیشتنی بە 60 دۆلار، ئەوا دووبارە ژمارەی سەكۆ نەوتییەكانی ئەمریكا چالاك دەبنەوە و ئەمریكا نەوتێكی زیاتر دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش روویدا. كاتێك بەهۆی هەڕەشەكانی توركیاوە لەسەر راگرتنی نەوتی باشووری كوردستان نرخی نەوت گەیشتە 59 دۆلار، راستەوخۆ ئەمریكا ئاستی هەناردەكردنی نەوتی خاوی تەكساسی بەرزكردەوە بۆ یەك ملیۆن و 980 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
رووسیا هەوڵدەدات زیان بە كۆمپانیاكانی بواری نەوتی بەردینی ئەمریكا بگەیەنێت لەڕێی جێگیركردنی نرخی نەوت لە نێوان 50 -55 دۆلار، ئەم نرخە ئابووریی رووسیا لەو داكشانە دەپارێزێت كە لە ساڵی رابردوودا تووشیبوو، هەروەها سعودیە ئامادە دەكات بۆ ئەوەی پشكەكانی ئارامكۆ بخاتەڕوو كە دەیەوێت لەڕێی فرۆشتنی پشكەكانی ئارامكۆ سەرمایەی پێویست كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی ئابوورییەكەی هەمەجۆر بكات.
ئەگەر توركیا هەناردەكردنی نەوتی كوردستان رابگرێت، نرخی نەوت بۆ سەرووی 60 دۆلار بەرز دەبێتەوە، ئەمەش جگە لەوەی لە قازانجی كۆمپانیا ئەمریكییەكانە، لە هەمانكاتدا ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی ئۆپیك دروست دەكات، هەر وڵاتەو هەوڵ دەدات ئاستی بەرهەمهێنانی زیاد بكات كە رەنگە بەشێك لە وڵاتان پابەندبوونیان بە رێككەوتننامەكەوە كەمبێتەوە و لە كۆتاییدا بەزیانی بازاڕی نەوت و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بشكێتەوە، چونكە لەسەر ئاستی كورتخایەن نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی درێژخایەن بەهۆی زۆربوونی نەوت لە بازاڕدا نرخی نەوت دادەبەزێتەوە بۆ خوارووی 40 دۆلار، ئەمەش كێشە بۆ ئۆپیك و رووسیا دروست دەكات، بۆیە رووسیا لەگەڵ ئەوەدا نییە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان رابگیرێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان بەشێوەیەكی سنووردار رۆڵیان هەبێت لە بازاڕی نەوتدا.
لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای روسنێفتدا واژۆ كردووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لە نەوتەكەی بە كۆمپانیاكە فرۆشتووە و پێشەكی پارەكەی وەرگرتووە، بۆیە ئێستا رووسیا گوشار دەخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی باشووری كوردستان رانەگرێت، چونكە بە راگرتنی هەناردەكردنی ئەو نەوتە، زۆرترین زیان بەر روسنێفت دەكەوێ كە كۆمپانیایەكی نیشتیمانییە.
پرسیارەكە ئەوەیە لەدوای تەواوبوونی گرێبەستەكەی كۆمپانیای روسنێفت چی روودەدات؟ ئەگەر روسنێفت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكبكەوێتەوە كە بەردەوام بێت لە كڕینی نەوت، ئەوە لە قازانجی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام ئەگەر كڕیارانی نوێ پەیدابن بۆ كڕینی نەوتی باشووری كوردستان، ئەوە رەنگە داوای داشكاندنی زیاتر بكەن لە نرخی كڕینی نەوتەكە كە ئێستا یەك بەرمیلی بە 10-12 دۆلار كەمتر لە خوار نەوتی برێنت دەفرۆشرێ، ئەگەر ئەمەش رووبدات و كڕیارە نوێیەكان داوای داشكاندنی زیاتر بكەن، ئەوە داهاتی هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوت كەم دەبێتەوە، بەمەش هەنگاوەكانی حكومەت بۆ دەستكاریكردنی سیستمی مووچەی فەرمانبەران دوادەكەون.
rudaw-
