قەڵەویی منداڵان 10 هێندە زیادیکردووە

قەڵەویی منداڵان 10 هێندە زیادیکردووە
توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێ لە 40 ساڵی رابردوو لەسەرئاستی جیهان قەڵەویی منداڵان 10 هێندە زیادیکردووە و بەردەوام لە زیادبوونیشدایە، بە تایبەت لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند و بە تایبەتتر لە کیشوەری ئاسیا.

توێژەرەکان، کە لە کۆلێجی شاهانەی لەندەن و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بوون، دەڵێن لە ئەمریکا و باکووری رۆژئاوای ئەوروپا و وڵاتانی دیکە رێژەی قەڵەویی منداڵان زیادینەکردووە، بەڵام لەوێش رێژەکە هەر بەرزە.

ماجید عیززەتی، ئەنجامدەری سەرەکی توێژینەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژناڤانیدا گوتی " لە چل ساڵی رابردوو ژمارەی نەوجەوان و منداڵانی قەڵەو لە 11 ملیۆنەوە زیادیکردووە بۆ 120 ملیۆن کە زیاترە لە 10 هێندە".

بەپێی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان، لە ساڵی 2016 دا لەسەر ئاستی جیهان 8% ی کوران و 6% ی کچان قەڵەوبوون، ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 1975 دا رێژەی قەڵەوی کچان و کوران کەمتر بوو لە 1%.

توێژینەوەکە، کە گەورەترین توێژینەوەی هاوشێوەیە، دەریخستووە 213 ملیۆن منداڵ و نەوجەوان (تەمەنی 5-13 ساڵان) کێشیان لە ئاسایی زیاترە، بەڵام هێندە زیاد نییە پێناسەی قەڵەوییان بەسەردا ناچەسپێ.

توێژەرەکان داوایان کردووە خۆراکی منداڵان لە قوتابخانە و ماڵەوە تەندروستانە بکرێ و هانی چالاکیی جەستەیی بدرێ، تاوەکوو رێگابگرین لە پەیدابوونی نەوەیەکی نوێ لە کەسانی پێگەیشتوو کە بەهۆی قەڵەوییەوە لە مەترسییەکی زۆری تووشبوون بن بە شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و شیرپەنجە.

هەروەک داوا کراوە هانی خەڵکی بدرێ بژاردەی تەندروستانە پەسەند بکەن، بیریشبکرێتەوە لە سەپاندنی باج و ریوشوێنی توند لە بەرامبەر خواردنە خێراکان (فاستفوود).

رێکخراوی تەندروستی جیهانیش داوای کردووە بە بڕی 20% باج بخرێتە سەر شیرینییە دەستکردەکان، ئەمە هەم داهات بۆ نێوەندە تەندروستییەکان بەدەستدەخات و هەم ئەو خواردنەوە ناتەندروستانە گرانتر دەکات و خەڵکی کەمتر دەیانخۆن و دەیانخۆنەوە.
rudaw -
Top