فەلاح حەسەن لە کۆنگرەی لاوانی ئەڵمانیا، ھیچ ھێزێک نییە، خواستەکانی گەلی کوردستان رابگرێت

فەلاح حەسەن لە کۆنگرەی لاوانی ئەڵمانیا، ھیچ ھێزێک نییە، خواستەکانی گەلی کوردستان رابگرێت
لە میانەی بەشداربوونی فەرمیی (فەلاح حەسەن)، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی جیھانە، لە کۆنگرەی لاوانی سیاسی ئەڵمانیادا و لە بەردەم سەدان گەنجی سیاسی ئەڵمانی و جیھانی، لە دوای ووتارە فەرمییەکەی (ئەنجێلا مێرکل)ی راوێژکاری ئەڵمانیا، لە ھەمان کات و شوێندا باسی لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان و ئەنجامی ریفرەندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی کرد.

جێگری سەرۆکی لاوانی جیھان سوپاسی گەلی ئەڵمانیا و پارتەکەی (ئەنجێلا مێرکل)ی کرد، کە لە ڕۆژانی شەڕی روو بە روو بوونەوەی داعشدا پشتگیریان لە گەلی کوردستان کردووە و چەک و تەقەمەنی و چەکی میلانیان بە پێشمەرگە داوە، بە ناوی لاوانی کوردستانیش سوپاسی ئەڵمانەکانی کرد بە گشتی و گوتی: "ئێمەی لاوانی کوردستان ئەم پشتگیریە ھەرگیز لە بیرناکەین".

ناوبراو لە وتارەکەیدا باسی لە دوایین سزای ئابووری و نامرۆڤانەی حکوومەتی بەغدا کرد، کە بە سەر گەلی کوردستانی ھێناوە و، باسی راگرتنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان و گەشتە نێودەوڵەتیەکانی کرد، کە لە لایەن حکوومەتی عیراقەوە راوەستیندراوە و، بۆتە ئەرک و تێکدانی رەوشەکە، ھەروەھا لە درێژەی ووتارەکەیدا (فەلاح حەسەن) گوتیشی: "ھیچ ھێزێک و ئیرادەیەک نییە، بتوانێت خواستەکانی گەلی کوردستان رابگرێت، گەلی کوردستان چی بە باش بزانێت ئەوە ئەنجام دەدات.

لە کۆتاییشدا ھیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی بۆ ئامادەبووان خواست و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی ئامادەبووانی کرد، شایەنی باسە وتارەکەی (فەلاح حەسەن) لە چەندین کەناڵی میدیایی ئەڵمانی و ئەوروپی راستەوخۆ پەخش دەکرا.
kdp-
Top