ئێران هێزەکانی لە سنوور کشاندووەتەوە..جموجووڵی بارزگانی باشتر بووە

 	 ئێران هێزەکانی لە سنوور کشاندووەتەوە..جموجووڵی بارزگانی باشتر بووە
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاشکرای كرد، پاش كۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازیی ئێران لە سنووری خۆیان هیچ هێزێكی ئێرانی لەسەر سنوور نەماوە و هەموویان پاشەكشەیان كردووە، هەروەها جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانیش لە سنووری حاجی ئۆمەران زۆر لە جاران باشتر و قەڵەباڵغترە.

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ٩٢% خەڵکی کوردستان دەنگی بە سەربەخۆییی کوردستان دا، ئێران و حەشدی شەعبی مانۆڕێکی سەربازییان لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان لە دیوی ئێرانەوە دەست پێ کرد، بەڵام ئیستا ئێران پاشەکشەی بە هێزەکانی کردووە و لەسەر سنوور نەماون.

(فەرزنك ئەحمەد)، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''پاش كۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازیی ئێران لە سنووری خۆیان، هەموو ئەو هێزانەی لەسەر سنوور بوون، پاشەكشەیان كردووە و گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و هیچ هێزێكیان لەسەر سنوور، دیار نییە ڕەوشی ناوچە سنوورییەكانیش بە شێوەیەكی گشتی ئارامە و هیچ كێشەیەك لە ناوچەكەدا نییە.''

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕوونیشی كردەوە: ''لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران تەنیا هەناردەكردنی سووتەمەنی، هەندێك كێشەی هەیە، لە هەوڵداین كە ئەوەش چارە بكەن و وەكو جاران و بگرە باشتریش هاوردە بكرێتەوە، ئەگەرنا جگە لە سووتەمەنی، جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە جاران زۆر باشترە و، ڕۆژانە بەردەوام گەشتیاران دێن و دەچن.''

(فەرزنك ئەحمەد) دەشڵێت: ''ئەو سزایانەی عێراق بەسەر خەڵكی كوردستانیدا سەپاندوون، كاتین و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایییان پێ دێت و خەڵك دڵنیا دەكەینەوە ڕەوشەكە زۆر لە جاران خۆشتر و باشتر دەبێت.''
kdp-
Top