بارزانی، بۆ کوردانی ئێزدی: ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئێوە لە گەلی کوردستان داببڕێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/10/2017، مەسعود بارزانی، بەبۆنەی جەژنی جەمایێ ئێزدییان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو: "کوردی ئێزدی ھەمیشە شانازی بە کلتوور و ھەڵوێستی نەتەوایەتی و کوردستانییەوە دەکەن، لەو پێناوەشدا خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە، لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولیشدا جارێکی تر ئەوەتان بۆ ھەموو لایەک سەلماندەوە کە ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئێوە لە گەلی کوردستان داببڕێت".
دەقی پەیامەکەی بارزانی:
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بە بۆنەی جەژنی جەمایێ، پیرۆزبایی گەرمم ئاراستەی سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیھان دەکەم.
کوردی ئێزدی ھەمیشە شانازی بە کلتوور و ھەڵوێستی نەتەوایەتی و کوردستانییەوە دەکەن و لەو پێناوەدا خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە و لە ڕیفراندۆمی 52 ـی ئەیلوولیشدا جارێکی تر ئەوەتان بۆ ھەموو لایەک سەلماندەوە کە ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئێوە لە گەلی کوردستان داببڕێت و بۆ ئەو ھەڵوێستە نیشتیمانییەتان دەستخۆشیتان لێ دەکەم.
ھیوادارم جەژنی جەمایێ و ھەموو بۆنە ئاینییەکانتان بە خۆشی بۆ بگەڕێنەوە و بە گوڕ و تینێکی زیاتر، خزمەتی گەل و وڵات و ئایینەکەتان بکەن.
مەسعود بارزانی
١٢ـی١٠ـی٢٠١٧
باسنيوز
