دیندار زێباری: پێویستە هەماهەنگی راستەوخۆ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و ئەنتەرپول هەبێت سەبارەت بە کەیسی چەکدارانی داعش

دیندار زێباری: پێویستە هەماهەنگی راستەوخۆ لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و ئەنتەرپول هەبێت سەبارەت بە کەیسی چەکدارانی داعش
لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەسەرپەرشتی یەکێتی ئەوروپا کۆنفرانسێکی دوو رۆژە بەمەبەستی چۆنێتی دۆزینەوەی ئالیەتێک بۆ دادگاییکردنی داعشەکان و گیراوانی داعش بەڕێوەدەچوو د.دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی بەغداد بەشداری کرد کۆبوونەوەی برۆکسل سەبارەت بە دەستگیرکراوانی شەڕی کە لە ٩ و ١٠ی تشرینی یەکەم لە برۆکسل بەرێوە چوو.

ئەجێندای سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە پێکهاتبوو لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکدارانی داعش و دادگایی کردنیان، دانانی ئالیاتێکی یاسایی بۆ دادگایی کردنی بەندکراوانی داعش، رەوشی دادگاکانی عێراق لە ئێستادا، شێوازی لێپێچینەوە لەو کەسانەی تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ بووەتەوە، داتا و ئاماری ئەو کەسانەی تێوەگلاون، رەوشی تیرۆریستە بیانیەکان و ئەو تیرۆریستانەی کە بەرەچەڵەک عێراقین.

مەبەستی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە باسکردن بوو لەسەر کۆمەڵێک ئالیات بۆ رووبەروو بوونەوەی داعش و مامەڵەکردن لەگەڵ بەندکراوانی داعش.

د.دیندار زێباری لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی برۆکسل دەڵێت "ئەم وۆرکشۆپە لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت.

ئامانجی سەرەکی لەم وۆرکشۆپە ئەوەیە کە شارەزایانی بواری یاسا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، نەتەوەیەکگرتوەکان و عێراق پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دابنێن، بەتایبەتی لە ئێستادا کە عێراق بەهۆی داعشەوە مەترسی لەسەرە. هەمووان لێرە پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی و بە بوونی ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و دۆکیۆمینت بتوانین بە شێوەیەکی یاسایی بەرامبەر ئەم چەکدارانە بجوڵێینەوە، چونکە ئەم چەکدارانە جگە لەوەی بەشێکیان عێراقین، لە هەمان بەشێکیان لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئەوروپی و ئاسیاشەوە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکە وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم لە کاتی کردنەوەی وۆرک شۆپەکە قسەی کرد و هەوڵ و کۆششەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ رووبەروو بوونەوەی داعش لە عێراق خستە روو ، هەروەها رایگەیاند" پێویستە حکومەتی هەرێم لەمە بەدوا لەو هاوکاریە مرۆیی و تەکنیکی و لۆجیستیانەی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا.

ئینتەرپول، نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دابین دەکرێت هاوبەشی پێبکرێت و لێی بێبەش نەبێت. لە هەمان کاتدا ببێتە بەشێک لە هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان ئینتەرپول و عێراق و لە داهاتوودا هەر هاوکاری و هەماهەنگیەک لەگەڵ عێراق کرا حکومەتی هەرێمیشی تێدابێت، چونکە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر ناوچەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی هەیە لەگەڵ داعش و زیاتر لە بەشەکانی دیکە پەیوەستین بە کەیسی چەکدارانی داعش.

سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان کە زۆرترین رەخنەی نێودەوڵەتییان لەسەرە بەوەی کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن زێباری رایگەیاند" بە هۆی حاڵەتی شەڕەوە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر سەرەتا هێزە ئەمنییەکان لە سەرچاوەکانیان زانیارییان پێدەدرێت لەسەر کەسی گومانلێکراو، دواتر بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆر زانیاری زیاتر لەسەر کەسی گومانلێکراوە کۆدەکاتەوە و بە زارەکی دادوەری لێکۆڵینەوە ئاگادار دەکرێتەوە، هەروەها وتەی سەرچاوە زانیاری وەردەگیرێت لەبەردەم دادوەری بەڕێوەبەرایەتییەکە لە هەمان کاتدا سەرچاوەکە لە دادگا ئامادە دەبێت و دووبارە لەبەردەم لێکۆڵەری دادی و دادوەری لێکۆڵینەوە.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو دوای ئەم رێوشوێنانە ئینجا دادگای لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیر کردن بۆ گومانلێکراو دەردەکات و بەشێوەیەکی یاسایی و بە فەرمانی دادگا کەسی گومانلێکراو دەستگیر دەکرێت و دادوەر لە پرۆسەی دەستگیرکردنەکە ئاگادار دەکرێت و لەلایەن دادوەر لە زیندان رادەگیرێت.لەلایەن لێکۆڵەری بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر و لێکۆڵەری دادی وتەکانی تۆمەتبار وەردەگیرێت، دواتر لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە و بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی لە دوای (٢٤) کاتژمێر لە دەستگیر کردنی تۆمەتبار ئازادە لە دابینکردنی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگری لێبکات، ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نەبوو ئەوا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتبارەکە ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر بەڵگە هەبێت لەسەرئەوا دوای تەواوبوونی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دادگای لێکۆڵینەوە ئەوا پەڕاوی لێکۆڵینەوە رەوانەی دادگای تاوانکاری دەکرێت بە مەبەستی دادگایی کردنی، پێویستە لە رۆژی دادگایی کردن تۆمەتبار لە دادگا ئامادە دەبێت و لەلایەن سێ دادوەری تاوانکاری تۆمەتبار بەشێوەیەکی ئاشکرا دادگایی دەکرێت بە ئامادەبوونی داوکاری گشتی و پارێزەری تۆمەتبار و هەر کەسێک کە بیەوێت ئامادە بێت.

سەبارەت بەو کەیسانە و مامەڵەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە تۆمەتی تێوەگلان لە تیرۆر دەستگیر کراون زێباری وتی: لە ھەرێمی کوردستاندا، لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 زیاتر لە دوو ھەزار و 652 داعش دادگاییکراون و 220 داعش و کەسانی داعش بەهۆی ئەوەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵییەوەیە دادگایی نەکراون، چونکە لە کوردستان تەمەنێک دیاریکراوە بۆ دەستگیر کردنی منداڵان و سزادانیان.

ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و روویان لە هەرێمی کوردستان و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەکان پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، چونکە بەپێى یاساى ژمارە ١٤ى ساڵى 2001 ى پەرلەمانى کوردستان تەمەنى یاسایى بۆ سەپاندنى سزا (١١) ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە (هۆشداریدانە) بۆ سەرپێچیەکان واتا کە سەرپێچى بکرێت هۆشدارى پێدەدرێت ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەى تیرۆر، و قورسترین سزاش سپاردنە بۆ ماوەى 5 ساڵ بە قوتابخانەیەکى پێگەیاندن، بەڵام لە هەندێ حاڵەتیشدا نیازى پەیوەندیکردن بە گروپێکى چەکدارى تیرۆریستى هەبێت کە بەپێى یاسا پێى دەگوترێت (شروع) بەڵام کە کۆتایى و ئەنجامى نەبووە ئەوا لێرەدا سزاکە بەپێى تەقدیرى دادوەر دەبێت، بەم جۆرە سزاى لە سێدارەدانیش لەسەر نەوجەوانان جێبەجێ ناکرێت.

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی ر اپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە وۆرک شۆپەکە بە بەشدارانی کۆبوونەوەکەیان راگەیاندووە کە پێویستە هاوکاری تەواوی هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزەکانی ئاسایش بکرێت لە پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و هاوبەشکردنی زانیارییەکان و زانیاری تەواویان بدریتێ سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن و جوڵانەوە لەگەڵ کەیس و بابەتە جۆراو جۆرەکان. هەروەها پێویستە هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر لەنێوان نەتەوەیەکگرتوەکان، ئینتەرپول و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنیانە هەبێت کار بۆ رزگارکردنی ئێزیدییە رفێندراوەکان دەکەن و لە رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوە ئیزیدییەکانیان لەدەست داعش رزگار کردووە و بەپێی دوایین ئامار تا رێکەوتی 1/10/2017 بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (٣١٤٨) پیاو و ئافرەت و منداڵی ئێزیدی لە دەست تیرۆریستان رزگار کراون و (٣٢٦٩)شیان تا ئێستا رزگار نەکراون .

دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی" لە ئێستادا دەتوانین بە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و کەیس و دیکۆمێنت کە لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانمان لەگەڵ تۆڕی زانیاری و لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانمان لە لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکان و تاسک فۆرس بەدەستمان هێناوە، هاوکاربین بۆ باشترکردنی ناوبانگی حکومەت لە ئاستی جیهاندا و وەڵامی هەموو ئەو تۆمەتانە بدەینەوە کە لەم دواییانە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دراونەتە پاڵ حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکان و واقعی رەوشەکەیان بۆ بخەینەروو".

شایەنی باسە کۆنفرانسەکە لەدوای بڕیاری 2379ـی ئەنجوومەنی ئاسایش دێت، کە 1-9-2017 دەرچوو، بەو هۆیە کە تیمێک دەست بە تۆمارکردنی تاوانەکانی داعش دەکەن بۆ ئەوەی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگاکان بدۆزنەوە بۆ پرۆسەی دادگاییکردنی داعشەکان، چونکە لەنێو چەکدارانی داعشدا کەسانی زیاتر لە 100 وڵات ھەن.










خةليل بلةيى
Top