لێژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری ونبووەکان باس لە رەوشی پێکھاتەی ئێزدییەکان دەکات

لێژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری ونبووەکان باس لە رەوشی پێکھاتەی ئێزدییەکان دەکات


ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی نێردەی لێژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری ونبووەکان لە عێراق سەردانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی کرد.



ئەمڕۆ چوارشەممە 11/10/2017، لینا لارسۆن، سەرۆکی نێردەی لێژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری ونبووەکان لە عێراق سەردانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی کردو لەلایەن فلۆرین گۆرگیس سێودین، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە ئەنجومەن و دلێر ئیبراھیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان پێشوازی لێکرا.



لە دانیشتنێکدا بەئامادەبوونی کریستیان تابت، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گفتوگۆ لەباری رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی و مەسەلەی ونبووەکان لە ھەرێمی کوردستان کرا.

ھەروەھا تیشک خرایە سەر رەوشی دژواری پێکھاتەی ئێزیدی و مەسیحی و پێکھاتەکانی تر بەھۆی دەستدرێژیی و تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لە کوشتن، رفاندن و بێسەروشوێنکردنی چەندین ئافرەت ومنداڵ و پیاو، لەلایەن تیرۆریستانەوە.



لەمیانی کۆبوونەوەکەدا گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کراو، بڕیاردرا لە داھاتوودا ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاتر لە رووی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە پرسی ونبووەکان بەگشتی، بەتایبەتیش ئاشکراکردن و دۆزینەوەی چارەنووسی ئافرەتانە ونبووەکان، بەھەماھەنگی نێوان ھەردوولا کاری لەسەر بکرێت.


bas news-
Top