شاره‌زایه‌كی ئه‌منیى عێراقی: به‌كارهێنانى هێز بۆ كێشه‌ى كه‌ركووك هیچ سوودێكى نابێت

شاره‌زایه‌كی ئه‌منیى عێراقی: به‌كارهێنانى هێز بۆ كێشه‌ى كه‌ركووك هیچ سوودێكى نابێت



شاره‌زایه‌كی ئه‌منى و ستراتیژى عێراقی، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌شدى شه‌عبى تێكه‌ڵ به‌ پرسی كه‌ركوك بكرێت، هه‌ڕه‌شه‌كردنیش به‌ به‌كارهێنانى چه‌ك بۆ ئه‌و پرسه‌، هیچ سوودێكى نابێت.


ئه‌حمه‌د شرێفی، شاره‌زاى ئه‌منى و ستراتیژى عێراق، له‌ لێدوانێكیدا له‌باره‌ى كۆكردنه‌وه‌ى هێزى سوثاي عێراقی و حه‌شدى شه‌عبى له‌نزیك كه‌ركووك، به‌ ڕادیۆى "سه‌پۆتنیك"ى ڕووسی ڕاگه‌یاند: "كه‌ركووك پێویستى به‌وه‌یه‌ به‌ چاره‌سه‌رێكى سیاسی ورد كێشه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ ئاماژه‌دان به‌ به‌كارهێنانى هێز، هیچ سوودێكى نابێ".


پرسیارى ئه‌وه‌شى كرد، كه‌: "ئه‌گه‌ر هێزى عێراقی بچێته‌ ناو كه‌ركووكیشه‌وه‌، ئایا ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى سه‌قامگیری؟"، له‌وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌یدا، ئه‌و شاره‌زا ئه‌منییه‌ گوتی: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر".


شرێفى باسى له‌وه‌شكرد، كه‌ ده‌بووایه‌ كێشه‌ى كه‌ركووك به‌پێی ماده‌ى 140ى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرایه‌، كه‌ هه‌موو گه‌لى عێراق ده‌نگیان به‌و ده‌ستووره‌ داوه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ جێناكۆكه‌كانى تێدایه‌.



جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حه‌شدى شه‌عبى بخزێنرێته‌ ناو كێشه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ناكۆكی نێوخۆییدا به‌شدار نه‌بن، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌ركى ئه‌وان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرى ده‌ره‌كییه‌.


پێش كەمێك ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە هەژماری فەرمی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ئاشكرای كرد "په‌یامی مه‌ترسیدارمان له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدڕاڵی پێ ده‌گات، كه‌ خه‌ریكی خۆئاماده‌كردنن بۆ هێرشی گه‌وره‌ له‌ دژی كوردستان له‌ باشووری ڕۆژئاوای كه‌ركووك و باكووری مووسڵ".

bas news-
Top