نووسەرێكی عەرەب: هەر جوڵەیەكی سەربازی عێراق دەگەڕێنێتەوە سەردەمی سەدام

نووسەرێكی عەرەب: هەر جوڵەیەكی سەربازی عێراق دەگەڕێنێتەوە سەردەمی سەدام


ئەمڕۆ چوارشەممە سەڵاح سالم نووسەری ناسراوی میسری، لە بەشێكی وتارێكیدا كە بۆ رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی لەندەنی بەناونیشانی "نزیكردنەوەیەكی مێژوویی بۆ بەراوردی ریفراندۆمی كوردستان" نووسیوە، ئاماژە بە ڕەوایەتی داوای سەربەخۆیی دەكات لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە و دووپاتی دەكاتەوە حكوومەتی بەغدا سێبەری ویلایەتی فەقیهی ئێرانە.


سەڵاح سالم ئاماژەی بەوە داوە لە دوای سەدام، دەسەڵاتی شیعەی عێراق خۆی گەیاندووەتە باوەشی ئێران و بووەتە سێبەری ململانێی میلیشیاكان، بۆیە دوای ئەوەی چیتر شوێنی پێكەوەژیان لە عێراقدا نەما، نەتوانرا ڕێگە لە هەوڵی نەتەوەیی و جیابوونەوە بگیرێت، ئەمەش ئەم دۆخەیە كە واقیعی حاڵی ریفراندۆمی كوردی تێدایە، كە تیایدا داوای جیابوونەوەیان لە بەغدا كرد".


ئەم نووسەرە عەرەبە راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات كە لە دوای روخانی ڕژێمی بەعس و لەسێدارەدانی سەدام، لە عێراقدا تەنها ناوەندی دەسەڵات گۆڕا، لە دەست سونەی بەعسیەوە كەوتە دەست شیعە و ویلایەتی فەقیه، بۆیە بوژانەوەی خەونی سەربەخۆیی و گەڕاندنەوەی كەرامەت كاردانەوەیەكی سرووشتی بوو.


هەروەها نووسیویەتی ئێستە ریفراندۆم ئەنجام دراوە، بەڵام جیابوونەوەكە نەهاتووەتەدی، كەچی هێشتا هیچ نەبووە بەغدا دەستی كردووە بە سزادانی كوردستان و ئابڵوقەدانیان، وڵاتانی دراوسێی وەكو توركیا و ئێرانیش رەتیان كردووەتەوە، ئەوەی پێویستە بگوترێ ئەوەیە كە هێشتا هەلێك ماوە بۆ گفتوگۆ و پاراستنی مافی هەمووان و پێدانی مافی ئەو نەتەوە ئازاردراوە.


هەروەها دەڵێ "بارزانی ئاڵای گفتوگۆی بەرز كردووەتەوە، پێویستە بەغداش ئامادە بێت بۆ گفتوگۆ، لەبەر ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ ناڕەزایی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر جیابوونەوەكە و رەتكردنەوەكانی ئێران و توركیا خاو دەبنەوە".


لەبارەی هەڕەشەی چەكداریی عێراقیشەوە نووسیویەتی "هەر بەرزكردنەوەیەكی چەك لەلایەن عێراقەوە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی خراپترین مێژووی ناوچەكە و خراپتر لە سەردەمی بەعس و سەدام حوسێن، كە بووبووە هۆی ئەوەی عێراق لە لاوازترین و خراپترین حاڵدا بێت".

bas news-
Top