عەلی عەونی: بەغدا ئەوەی لەگەڵ سوننەکان کردی ناتوانێت لەگەڵ کوردستان دووبارەی بکاتەوە

 	 عەلی عەونی: بەغدا ئەوەی لەگەڵ سوننەکان کردی ناتوانێت لەگەڵ کوردستان دووبارەی بکاتەوە
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (عەلی عەونی) باس لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات و دەڵێت، ئەوەی بەغدا دەیکات ڕەفتاری بەعسیانەیە...ئەوەی بەغدا بە سوننەی کردووە، ناتوانێ بە کوردی بکات.


تا دێت کاردانەوەکانی حکوومەتی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، ئەوە بە هۆی بڕیاری خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا، بەتایبەت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆش ١١\١٠\٢٠١٧ حکوومەتی عێراق لە ڕێگای دادگاوە بڕیاری دەرکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی کوردستان.

(عەلی عەونی)، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکردوون، شڵەژانێکی گەورە بە حکوومەتی عێراقەوە دیارە، بەداخەوە درێژەپێدانی هەمان ئەو ئەخلاقانەی پێشوویانە کە پەیڕەویان کردووە. سیاسەتی ئەم حکوومەتە تایفەگەرە هەمان سیاسەتی بەعسییە دووبارەی دەکەکاتەوە، ئەوان بوون دەستی داعشیان ئاوەڵا کرد بۆ داگیرکردنی بەشێکی عێراق، کاتی خۆی بینیمان لە ڕومادی و ئەنبار خۆپێشاندان کرا، لەجیاتی ئەوەی بەغدا گوێ لە خەڵک بگرێت، کەچی عەسکەر هێنایە سەر خۆپێشاندەران و بە ملهوڕی مامەڵەی کرد، تا وای لێهات خەڵک لەبەر ڕەفتاری خراپی عێراق پێشوازییان لە داعش کرد.''

(عەلی عەونی) گوتی: ''ئێمە لە کوردستان، سەرەتا داوای جێبەجێکردنی دەستوورمان کرد، خۆ دەستوور هەر ئەو ماددانە نییە، کە باس کراون، لە دەستووردا هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، کەچی کوردستان لەبەردەم ئەگەری کەوتندا بوو بەغدا هێشتا ئامادە نەبوو چەک بداتە کوردستان، کەچی خۆیان بە ماوەی شەو و ڕۆژێک هێزی میلیشیای شیعەیان کردە هێزێکی یاسایی. پێمان گوتن ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکەن، کەچی گوتیان جێبەجێی ناکەین، پێمان گوتن یاسای نەوت و گاز دەربکەن نەیان کرد، دواتر ڕیفراندۆممان کرد، گوتیان بۆ دروستکردنی گوشارە لەسەر بەغدا، گوایە وەزیرەکانمان دەدەنەوە و پارەمان بۆ دەگەرێننەوە، کەچی ئەوەشمان نەکرد.''

(عەلی عەونی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''کوردستان بەرەو دەوڵەت دەڕوات، دەبێ بەغدا ئەوە قبووڵ بکات و ببینە دوو دراوسێی باش، ئەم زمانەی بەغدا لە یەکترمان دوور دەخاتەوە، بەڵام بەغدا ئاگادار دەکەینەوە، ئەوەی بەرانبەر بە سوننە کردیان، ناتوانن لەگەڵ کوردستان بیکەن.''

kdp-
Top