وەزارەتی گواستنەوە: هەوڵەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەردەوامن

وەزارەتی گواستنەوە: هەوڵەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەردەوامن
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن باس لەوە دەکات لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی گرفتی داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان چارە بکرێت.

بەغدا بەرگەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی نەگرت، بۆیە کەوتە جێبەجێکردنی سزادانی بەکۆمەڵی هەرێمی کوردستان و لە کاردنەوەیدا گەشتە مەدەنییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانیی ڕاگرت. بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر زەرەمەند بوووە و بەغداش پێشوەختە کوردستانی لەو بارەوە ئاگادار نەکردووەتەوە. (ئومێد ساڵح)، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ نەهاتووە، کە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بکرێتەوە، بەڵام لە سەرئاستی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن لەگەڵ بەغدا و سەرجەم لایەنەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، چونکە داخستنیان لە بەرژەوەندیی کەس نییە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەین بەغدا ئەو بڕیارە لابدات و هێڵەکان بە ڕووی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بکرێنەوە.''

(ئومێد ساڵح) ئەوەشی خستە ڕوو: ''هەوڵی بەردەوام هەیە و چاوەڕوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی بەغداین، کە لەوێوە فەرمان دەربچێت بۆ چارەکردنی کێشەکە.''

لە هەرێمی کوردستان دوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی.
kdp-
Top