وەزارەتی گواستنەوە: هەوڵەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بەردەوامن
بەغدا بەرگەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی نەگرت، بۆیە کەوتە جێبەجێکردنی سزادانی بەکۆمەڵی هەرێمی کوردستان و لە کاردنەوەیدا گەشتە مەدەنییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانیی ڕاگرت. بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر زەرەمەند بوووە و بەغداش پێشوەختە کوردستانی لەو بارەوە ئاگادار نەکردووەتەوە. (ئومێد ساڵح)، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ نەهاتووە، کە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بکرێتەوە، بەڵام لە سەرئاستی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن لەگەڵ بەغدا و سەرجەم لایەنەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، چونکە داخستنیان لە بەرژەوەندیی کەس نییە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەین بەغدا ئەو بڕیارە لابدات و هێڵەکان بە ڕووی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بکرێنەوە.''
(ئومێد ساڵح) ئەوەشی خستە ڕوو: ''هەوڵی بەردەوام هەیە و چاوەڕوانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی بەغداین، کە لەوێوە فەرمان دەربچێت بۆ چارەکردنی کێشەکە.''
لە هەرێمی کوردستان دوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی.
kdp-
