کۆمسیۆن وەڵامی بڕیاری دادگاکانی عێراق دەداتەوە

 کۆمسیۆن وەڵامی بڕیاری دادگاکانی عێراق دەداتەوە
دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، بەشی یاسایی کۆمسیۆنیش وەڵامی بڕیارەکە دەداتەوە.

کۆڤان عەبدولکەریم، سەرۆکی بەشی یاسایی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، رایگەیاند: "ئەو بڕیارەی بەغدا ئەوەندە سیاسییە، ئەوەندە یاسایی نییە، چونکە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەسەر بنەمای یاسا و ساڵی ٢٠١٤ بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لەبڕگەی (١)ی مادەی (١٠)ی یاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دامەرزاوە".

ئەوەشی خستە روو، کە کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای ھەڵبژاردن، لە ساڵی ٢٠٠٥ی بە پاڵپشتیی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان ھەموار کراوە، دەڵێت: "ئیستاش بەغدا بە چ یاسایەک فەرمانی گرتنی کۆمسیاران و ئەندامانی کۆمسیۆن دەدات؟".

سەرۆکی بەشی یاسایی لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەو بڕیارە رەھەندی سیاسی ھەیە نەک یاسایی، بۆیە بەھیچ شێوەیک جێبەجێ ناکرێت و دەبێت بەغدا بزانێت بەو بڕیارانە ناتوانێت رەھەندی یاسایی بۆ خۆی جێبەجێ بکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە 11/10/2017، عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە، فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێمی کوردستان، بەپێی مادەی 329 لە یاسای سزادانی عێراق، لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافەوە دەرچووە.










باسنیوز
Top