بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر حاڵەتێکی دەستدرێژیکردن دەگیرێتە بەر

 بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر حاڵەتێکی دەستدرێژیکردن دەگیرێتە بەر
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند، لە حاڵەتی ئاگادارکردنەوەیان بەرامبەر بە بوونی هەر حاڵەتێکی دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنان یان هەر شێوازێکی گێچەڵی سێکسی، ئەوا ڕێوشوێنی توند دەگرنە بەر.

ئەمڕۆ 11ی ئۆکتۆبەری 2017، ڕۆژی جیهانیی کیژۆڵانە (کچانی بچووکتر لە 18 ساڵ) کە لە ئاستی جیهاندا یادی دەکرێتەوە و ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بەردەوام جەخت لە پاراستنی کیژۆڵان و بەدوورگرتنیان لە هەر حاڵەتێکی دەستدرێژی دەکەنەوە.

لەمبارەیەوە عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاند: ”لەچەند ڕۆژی ڕابردوو شۆفێرێکی تاکسی پەلامارێکی ئافرەتێکی بیانی داوە، دوای دەستگیرکردنی، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چەند حاڵەتێکی دیکەی هاوشێوە ھەبووە و ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر گیراوەتە بەر. گوتیشی: ”ھەر کەسێک پەنا بباتە بەر شتێکی لەو شێوەیە، بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت“. گوتیشی: ”ھەر ژن و کچێک لە حاڵەتێکی لەو جۆرە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، ئەگەر شتێکی لەو شێوەش ھەبوو، یان بەسەریان ھات، بەبێ شەرم و سڵکردنەوە با سکاڵا تۆمار بکەن، یان بنکەکانی ئاسایشی و پۆلیس ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی خێرا بگیرێتە بەر، هەرچەندە ھەندێک لە ئافرەتان نایانەوێت پەنا ببەنە بەر دادگا و سکاڵا بەهۆی هەندێک بارودۆخی کۆمەڵایەتیی تایبەت".

عەبدولخالق تەڵعەت ئەوەشی خستە ڕوو کە ھەفتانە چاودێریی کامێرای خاوەن دووکانەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە حاڵەتەکان ئاگادار ببنەوە، بە تایبەتیش دووکانی زێڕەنگر و کوتاڵفرۆشییەکان. گوتیشی: ”چاودێریی وردی سەرجەم شوێنە گشتییەکان و بەردەم دووکان و دەرەوەی شاریش دەکرێت، داواکارین لە هاووڵاتییان ھاوکاریمان بکەن“.

دەستدرێژیی سێکسی، بریتییە لە کۆمەڵێک ڕەفتار کە لە پێشێلکاریی سادەوە تاوەکوو کردەوەی دەستدرێژیی سێکسیی تەواو دەگرێتەوە کە بەپێی هەموو یاسا و ڕێساکان، قەدەغەکراوە و بە کردەوەیەکی نائەخلاقی لەقەڵەم دەدرێت و تاوانبارەکەی سزای قورسی لە بەرامبەردا بۆ دیاری کراوە.

دەستدرێژیی سێکسی بەپێی جیاوازیی ڕێژەیی، لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا هەیە و هەندێک ئامار باس لەوە دەکەن کە ئێستا زۆرترین بەرهەمی فیلمەکانی (هۆڵیوود) لە بارەی ئەم تاوانەوەیە. هەر بەو هۆیەوە هەندێک لە وڵاتان، وەکوو میسڕ، ناچار بوون ناوەند و دەزگای تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دابمەزرێنن.

لە کوردستانیشدا دەستدرێژیی سێکسی یەکێکە لە جۆرەکانی تاوانکردن کە لە بەرامبەریدا سزای قورسی جۆراوجۆر هەیە و بە بەشێکیش لە توندوتیژی دژی ئافرەتان لە قەڵەم دەدرێت، بۆیە دامەزراوەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و دامەزراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی، کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەکەن.









باسنیوز
Top