سەرکردەیەکی یەکێتی: بەغدا لە دژایەتیکردنی کوردستان پاشگەز دەبێتەوە

 سەرکردەیەکی یەکێتی: بەغدا لە دژایەتیکردنی کوردستان پاشگەز دەبێتەوە
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند: "بەغدا لە دژایەتییەکانی خۆی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان پاشگەز دەبێتەوە و گوتیشی: "گەلی کورد ئەوەندە لاواز نییە بەغدا بتوانێ ھەڕەشەی لێ بکات.

ڕەھبەر سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "عەبادی و حکوومەتی بەغدا ناتوانێ ھەڕەشەی جدی لە ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئێستا زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیا پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات، دواجار ئێمە داوای مافی خۆمان کردووە، کە ئەویش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بووە، بۆیە وڵاتانی دەرەوە بە ھیچ شێوەیەک ھەڕەشەکانی بەغدا دژ بە ھەرێم قەبووڵ ناکەن".

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی گوتیشی: "گەلی کورد باوەڕی تەواوی بە زمانی گفتوگۆیە و بێگومان سەرکردایەتیی سیاسی کورد دەرگای گفتوگۆ بەڕووی بەغدادا داناخات، چونکە گەلی کورد لەوەتەی لەگەڵ بەغدا حکوومەتی بەڕێوە بردووە ئامادە نەبووە زمانی زبر بەکار بھێنێت، بەڵکوو ھەمیشە ھەوڵی ئەوەی داوە تەواوی کێشەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیکانە چارەسەر بکات".

ڕەهبەر سەید برایم ئاماژەی بەوەش کرد: "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لاواز نییە کە کە بەغدا ھەوڵی ئەوە بدات ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەغدا لە ھەڕەشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر ھەرێم پاشگەز دەبێتەوە و ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا تێدەپەڕێنین".









باسنیوز
Top