لیڤی: پێویستە بە توندی پشتیوانی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا بكەین
بێرنار هێنری لیڤی بیرمەندی فەرەنسی لە وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكیدا بڵاوی كردووەتەوە، هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان بە (شەقاوە چوار كەسیەكە) و داواش لە ئەمریكا و فەرەنسا دەكات بەزووترین كات بێنەدەنگ. دووپاتیش دەكاتەوە كە دەبێ بە توندی پشتیوانی داوای هەولێر بكەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.
لیڤی لە وتارەكەیدا لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانەوە نووسیویەتی كە بەگوێرەی پێوەرە دیموكراتیە جیهانییەكان بەڕێوەچووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كورد بە باشیان زانیوە لەگەڵ بەغدا بكەونە گفتوگۆ لەپێناو جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی".
هەروەها نووسیویەتی "مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ ئەمریكا و رۆژئاوا وەستا و بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕووبەڕووی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بووەوە، ئەمەش بووە خاڵی یەكلاكەرەوە". دەشڵێ سەربەخۆیی تەنها لە دوای دانوستاندن لەگەڵ بەغدا سەردەگرێت.
لیڤی نووسیویەتی "ئەمڕۆ چوار دیكتاتۆر شەقاوەیەكی چوار قۆڵیان پێك هێناوە، ئەردۆگان كە رۆشنبیر و سیاسەتمەدارەكانی وڵاتەكەی دەمبەست و قۆڵبەست كردووە و مافی كوردی لە توركیا پێشێل كردووە، ئێران كە دوژمنی دیموكراتیە و ئەمڕۆ وازی لە شەڕی سونە هێناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ توركیا یەك بگرێ لە دژی هەرێمی كوردستان، هەروەها ڕژێمی سووریا كە سەربڕی گەلی خۆیەتی لەگەڵ حكوومەتی عێراق یەكیانگرتووە لە دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان. بۆیە پێویستە ئەمریكا و فەرەنسا بە زووترین كات هەڵوێست بەرانبەر ئەم شەقاوە چوار قۆڵیە دەربڕن".
لە كۆتاییشدا دەپرسێ ئایا ئەم ناوچەیە پێویستی بە هاوپەیمانێكی عەلمانی وەكو كورد نیە؟ كە باوەڕیان بە دیموكراسی و فرەڕەنگی هەیە و مافەكانی ژنان دەستەبەر دەكات و دەیانپارێزێ. ئێستە كاتی ئەوەیە بە توندی پشتیوانی لەو داوایەی كورد بكەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.
بێرنار لیڤی كە بەگوێرەی رۆژنامەی (بۆستن گڵۆب)ی ئەمەریكی، ئەمڕۆ گەورەترین فەیلەسوفی فەرەنسایە. لە ساڵی 1976دا وەك یەكێ لە گرووپی (فەیلەسووفە نوێیەكان)ی جیهان ناسرا. هەروەها لیڤی بە ڕێنیشاندەر و براگەورەی بەهاری وڵاتانی عەرەبی دەناسرێ لە ساڵانی 2010 و 2011دا.
bas news-
