نەدا مێرگەسۆری: سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بایکۆتکردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامن
پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان نادەستوورییە، بۆیە ئەوان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن، لەگەڵ ئەوەش بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووكی دا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش، پەرلەمانی عێراق 1٣ بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دا، ئەو ڕیفراندۆمەی كە كوردستانی نزیك كردووەتەوە لە سەربەخۆیی، چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئەو پێشێڵكاریانەی بەغدا بەرامبەر بە كورد كردوونی، دژی دەستوور و یاسان، بۆیە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێن.
(نەدا مێرگەسۆری) بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''كۆبوونەوەی ئەمڕۆ تەنیا كۆبوونەوەیەكی حزبی بووە، كە جار بە جار ئێمە وەكو ئەندامانی فراكسۆنی پارتی ج لە بەغدا، چ لە هەرێم پێكەوە دادەنیشین، ئەو بڕیارەی پێشوو هەر ئەو بڕیارەیە، كە دراوە، بۆیە هیچ بڕیارێكی نوێ نییە.''
(مێرگەسۆری) ڕوونیشی كردەوە: ''نەك هەر فراكسیۆنی پارتی، بەڵكو هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەکان، ئەو كاتەی لە بەغدا بووین، دانیشتنەكانی پەرلەمانمان بایكۆت كرد، ئێمەش هەر لەسەر ئەو هەڵوێستەی خۆمانین، نەك هەر ئێمە، بەڵكو هەموو فراكسیۆنەكانی دیكەش ئەو بڕیارەیان داوە، بۆیە بڕیارێک كە هەیە، هەر بڕیارەکەی پێشووە، كە هەموو پێكەوە بایكۆتی دانیشتنەكانمان كردووە، هەتا ئێستاش فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو بڕیارەی خۆیان بەردەوامن، چونكە ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی دەستوور و یاسان، كە بەرامبەر بە كوردستان دراون.''
kdp-
