كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتاییی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند

 	 كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتاییی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتاییی ڕیفراندۆمی هەرێمی ڕاگەیاند، کە بە گوێرەی ئەنجامەکە دەنگی ٩٢.٧٢%ی خەڵکی کوردستان بەڵێ بووە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان کوردستان بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمی ئەنجامی کۆتاییی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ''پاڵپشت بە بڕگەی (نویەم) لە ماددەی (چوارەم) لە یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 20١٤ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئەنجومەنی كۆمسیاران بە نووسراوی ژمارە (108) لە ڕێكەوتی 28/9/2017، ئەنجامە بەراییەكانی پڕۆسەی ڕاپرسی ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری- سەرۆكایەتیی دادگا و پێداچوونەوەی ھەرێمی كوردستان- دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی كرد بە مەبەستی پەسندكردنیان.''

لە نووسراوەکەدا ڕوون كراوەتەوە: ''ئەنجامەكانی پڕۆسەی ڕاپرسی سەربەخۆییی ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان لە لایەن بەڕێزانەوە پەسند كرا، بە نووسراوی فەرمی ژمارە (1/ دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی /2017) لە 4/10/2017 ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی كرد.''

بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی كۆمسیۆن، دەنگی بەڵێ لە پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستاندا، 2 ملیۆن و 861 هەزار و 473 بووە و 224 ھەزار و 464 كەسیش بە نەخێر دەنگیان داوە، دەنگی سپی و پووچەڵیش 219 ھەزار و 990 دەنگ بووە.
kdp-
Top