چاودێران: لە کۆتاییدا بەغدا قبووڵی دەبێت کە ببینە دوو دراوسێی باش
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، سزا و هەڕەشەکانی بەغدا هەڵوێستی گەلی کوردستان ناگۆڕێت، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان دا.
خەڵکی کەرکوووک وەک شارێکی کوردستانی بە گەرمی پێشوازییان لە ڕیفراندۆم کرد، وەک (دیاری حوسێن)، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت: ''ئێستا دۆخی شاری کەرکووک زۆر ئارامە، بەغداش بۆخۆی چی دەڵێت با بیڵێت، ئیدی هەڵوێستی گەلی کوردستان نەگۆڕە و تازە خەڵک چارەنووسی خۆیان دیاری کرد.''
(دیاری حوسێن) بە لایەوە سەیرە کە بەغدا دەڵێت ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێتەوە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ئەوە بە کارێکی مەحاڵ دەزانم، ئاخۆ لە مێژووی هیچ گەلێکدا ڕووی داوە، کە ڕیفراندۆم کرابێت و دواتر هەڵبوەشێتەوە؟ ئەمە مەحاڵە و ڕوو نادات و ئیدی لە ئەنجامی ڕیفراندۆمیش دیارە کە کوردستان چی دەوێتی.''
ئەوەی (دیاری حوسێن) مەبەستییەتی لە لێدوانەکەی بیخاتە ڕوو، پرسی داخستنی سنوورە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، ئەو بە دڵنیاییەوە دەڵێت: ''کەس گوێ بە بەغدا نادات، ئەوان داوایان کردووە کە وڵاتان سنوور بەسەر هەرێمدا دابخەن، وڵاتان لە حەقیقەتدا دەزانن کە کوردستان کارێکی وای نەکردووە، کە هەڕەشە بێت بۆیان، تەنیا بڕیاری لەسەر چارەنووسی خۆی داوە. ئەو یەقینە کە کاربەدەستانی بەغدا دواجار دێنە ڕا و پەشیمان دەبنەوە و قبووڵی دەکەن، کە ببینە دوو دراوسێی باش.''
چاودێرانی سیاسی شیکردنەوەی باشیان بۆ نییەتی بەغدا کردووە، باوەڕی (هندرێن ئەحمەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان وایە: ''بەغدا سەرجەم ئەو سزایە نادەستووریانەی کە لە دژی هەرێم دەری کردوون بۆ مزایەدەی سیاسییەتی، ئەگەرنا خۆیان باشتر دەزانن کە ئەوان دەستووریان پێشێل کردووە.''
(هندرێن ئەحمەد) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمورکراتی کوردستان دەڵێت: ''پێشتر دەوڵەتان دەیانگوت ڕیفراندۆم مەکەن و کاتی نییە، ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە و دەڵێن لەگەڵ بەغدا بە دیالۆگ کێشەکە چارە بکەن. ئەوەی لەسەر گەلی کوردستانیشە بە سەرجەم چین و توێژ و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانەوە، ئەوەیە کە زیاتر گوشاری مەدەنی بکرێت و خۆپێشاندانی زیاتر لە ناوخۆ و دەرەوە بکرێت بۆ ئەوەی زیاتر ڕای گشتی بۆ سەربەخۆییی کوردستان دروست بکرێت.''
kdp-
