سەفین دزەیی: گوشارەکان بۆ سەر هەرێم کاتین و نەهامەتییەکان تێپەڕ دەبن
وەزارەتی دارایی و ئابووری، کار بۆ ئەوە دەکات کە سیستمێکی نوێ بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران پەیڕەو بکات
لەو دیمانەیەدا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت ئاماژەی بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی مووچەی فەرمانبەران کرد، لەوانە بڕیاری یەکلایەنەی (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بۆ بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، هەروەها شەڕی داعش بە درێژاییی سنوورێکی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە مانگی ٦ی هەمان ساڵدا. (سەفین دزەیی)، هاتنی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهانی بە بەشێکی دیکەی ئەو هۆکارانە دانا. ئەوش وای کرد کە حکوومەتی هەرێم سیستمی پاشەکەوت جێبەجێ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات کە سیستمێکی نوێ بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران پەیڕەو بکات، ئەویش بە پێی پێوەرە جیهانییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کوردستان کار بۆ کۆدەنگی لەسەر پرسە سیاسییەکان لەم قۆناغە هەستیارەی ئەمڕۆدا دەکات
(سەفین دزەیی) لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمریکا لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و بە بەشداریی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و پێکهاتەکانی ناو سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش بەشدارن لە کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیەی کە گوایە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەدیلی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەرکی ئەو سەرکردایەتییەی خستە ڕوو، کە کارکردنە لە ڕووی سیاسەت و ستراتیژی و کۆدەنگی لەسەر پرسە سیاسییەکان لەم قۆناغە هەستیارەی ئەمڕۆدا.
ئەو ئامادەییەی حکومەتی بەغدا بۆ پێدانی مووچە، هەمان بڕیاری پێشووە و بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات
دەربارەی لێدوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئامادەییی بەغدا بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، (سەفین دزەیی) باسی لە پشتگیریی حکوومەتی (عەبادی) کرد لە ساڵی ٢٠١٤ کە ئەوکات حکوومەتی هەرێم کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان. ئەوەش ڕێککەوتنی مانگی ١٢ی هەمان ساڵی لێ کەوتەوە لەسەر ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا لە بەرامبەر پێدانی بوودجەی هەرێمی کوردستان. کەچی کەمتر لە نیوەی بوودجە ڕەوانەی هەرێم دەکرا، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتە ناوخۆییەکان دەتوانێت زیاتر لەو داهاتەی دەست بکەوێت کە لە لایەن بەغداوە دەستنیشان کرابوو. بۆیە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو ئامادەییەی حکومەتی بەغدا بۆ پێدانی مووچە، هەمان بڕیاری پێشووە و بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات.
لەوانەیە ئەو ڕەفتارانەی بەغدا ناکۆکیی ناو کۆمەڵگەی لێ بکەوێتەوە
سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری بەغدا بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەری داخستنی خاڵە سنوورییەکانی هەڕێم، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پەیامنێری بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکای گوت، لە کۆبوونەوەی حکوومەت و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەو بڕیارە بە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان لەقەڵەم درا، هەربۆیە بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران و حکوومەتی بەغدای بە نایاسایی و نادەستووری دانا، کە لە ئەنجامی هەڵچوونی نابەجێی سیاسی هاتوونەتە ئاراوە. لەو ڕووەوە گفتوگۆ و دانیشتنی جددیی دوولایەنە لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدای بە پێویست زانی لە پێناو هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و خاوکردنەوەی ئەو بارگرژییەی کە لە شەقامی عێراقدا لە لایەن هەندێ لایەنی سیاسییەوە دروست بووە، چونکە لەوانەیە ئەو ڕەفتارانەی بەغدا ناکۆکیی ناو کۆمەڵگەی لێ بکەوێتەوە.
هیواخوازین وڵاتانی پارێزەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، بێنە سەرخەت
دەنگدان بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم، تەوەرێکی دیکەی دیمانەی دەنگی کوردیی ئەمریکا لەگەڵ وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لەو بارەیەوە (سەفین دزەیی)، ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی و گەیاندنی بڕیار و خواستی خەڵکی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و قەناعەت پێهێنانیان لەسەر ڕەواییی مافی خەڵکی کوردستانی بە ئەرکی حکومەت دانا و لەو بارەیەوە ڕەخنەی ئاراستە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد لەسەر بەهەندوەرنەگرتنی ئەو پرۆسەیە و وێڕای جەختکردنەوە لەسەر هەڵنەوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم بە هۆی فشارە ناوچەییەکانەوە، هیوای خواست وڵاتانی پارێزەری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، بێنە سەرخەت و ڕێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان بگرن. ئەوەیشی باس کرد کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی ئیدارەی سەربەخۆ، لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەشداریی کرد لە بنیادنانی وڵاتێکی دیموکرات و فیدراڵ، بەڵام عێراقی تازە بە پێچەوانەی خواستی خەڵکی کوردستان بوو، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە، کە پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق سەری نەگرت و بەشیکی بەرچاو لە ماددە دەستوورییەکان پێشێل کراون و ئێستا حوکمێکی تائیفی لە عێراق لە ئارادایە، پێویستە لەمەودوا گفتوگۆکان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکەنەوە، وەک دوو دراوسێی باشی یەکتر. (دزەیی) بۆ قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیش پێداگر بوو لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستان بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆسپەکان و گەیشتنی گەلی کوردستان بە ئامانجەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هێزی هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
تورکیا تا ئێستا ڕێگری نەکردووە لە ڕەوانەکردنی نەوت
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەکەیدا باسی لە مێژووی پەیوەندیی کوردستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، بەتایبەت لە ساڵانی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و بەدیاریکراوی لە سەردەمی شەڕی داعش و لەو ڕووەوە لەگەڵ بوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسی سەربەخۆییی کوردستان، سوپاسی خەڵک و حکوومەتەکانی ئەمریکای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتی سیاسی و هاوکاریی مرۆیی و سەربازی و هیوای خواست برەو بەو پەیوەندییانە بدرێت.
(سەفین دزەیی)، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکادا ئاماژەی بەوە کرد کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بەبێ ڕیسک نابێت، بەڵام سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانی چاوەڕواننەکراو بوو. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ تورکیاش گوتی، سەرەڕای بوونی ڕێککەوتنی درێژخایەنی دوولایەنە بۆ ڕەوانەکردنی نەوتی خاوی هەرێم لە ڕێی تورکیاوە، تا ئێستا ئەو وڵاتە ڕێگری نەکردووە لە ڕەوانەکردنی نەوت، یان داخستنی سنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەو فشارانەی ئێستای بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە کاتی لەقەڵەم دا و گوتی، نەهامەتییەکان تێپەڕ دەبن.
kdp-
