تەرمی کەریم زەند مێژوونووسی کورد بە خاک سپێردرا

تەرمی کەریم زەند مێژوونووسی کورد بە خاک سپێردرا
کەریم زەند، نووسەر، گەڕیدە و مێژوونووسی ناسراوی کورد کە ئەمڕۆ سێشەممە 2017/10/10 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە جەماوەری سلێمانی و کەسوکاری لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

لەبارەی کەسایەتی و کار و چالاکی و نووسینەکانی د. کەیوان ئازاد، مێژوونووس و مامۆستای زانکۆ، ڕایگەیاند: "کەریم زەند، قوتابخانەیەکی پڕ لە زانیاری زمان و ئەدەبی کوردی بووە، جگە لەوەش مێژوونوسێکی پڕۆفیشناڵ بووە، بەداخەوە گەلی کورد تێکۆشەرێکی خامەڕەنگینی لەدەست داوە."

ئەو مێژوونووسە کەردە گوتیشی: "کەریم زەند، کەسایەتییەکی گەڕیدە بووە، تەواوی گوندەکانی کوردستانی باکوور و باشووری کوردستان گەڕاوە، بۆ ئەوەی بە زمان و بە جەستەی خۆی مێژووی کورستان و پێکھاتەی ژمارەی دانیشتوانی گوند و ناوچەکانی کوردستان بنوسێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کەریم زەند، لەگەڵ عوسمان دانش، پێکەوە ڕۆیشتون بۆ کۆماری کوردستان، ساڵانێکی زۆر لە خوێندنگەی تێکەڵاوی سەرەتایی مەھاباد مامۆستا بووە، ھەروەھا بە زمانێکی پاراوی کوردی وانەی زمان و ئەدەبیی کوردی بە خوێندکارانی ڕۆژھەڵات گوتوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو گەڕیدە و مێژوونووسە دۆستێکی نزیکی پێشەوا قازی محەمەد بووە."

کەیوان ئازاد باسی لەوەش کرد: "کەریم زەند، کەسێکی نزیکی بارزانی نەمریش بووە، ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و بارزانی نەمر ھەمیشە گفتوگۆی لەگەڵ کەریم زەند دەکرد، چونکە کەسێکی لێھاتوو بووە، دواجار بەھۆی زیرەکی و لێھاتوویی و ئەو خزمەتەی بە زمانی کوردی و مێژووی کوردی کردوویەتی بارزانی خەڵاتی شەرەفی پێ بەخشیوە."

کەریم زەند ساڵی 1925 لە گەڕەکی مەڵکەندیی سلێمانی لەدایک بووە و خوێندنی ئایینی و سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە و ساڵی 1944 خانەی مامۆستایانی بەغدای تەواو کردووە. ساڵی 1946 بەشداری لە کۆماری کوردستان کردووە. لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد چووەتە یەکێتیی سۆڤیەت.

خاوەنی دەیان کتێبە لە بوارەکانی مێژوو، جوگرافیا و بابەتی دیکەدا کتێبی "تۆماری تەمەن" کە لە 5 بەرگ پێکهاتووە باس لە جوگرافیا و شێوەزاری گەلانی کوردستان دەکات. یەکەم کەسە کە کتێبی ئینجیلی کردووەتەوە کوردی.

پاش 92 ساڵ تەمەن و خزمەت بە زمان و ئەدەب و مێژوو و جوگرافیای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە ماڵەکەی خۆی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.










باسنيوز
Top