مەسرور بارزانی: پێویستە بەغدا کۆتایی بە ڕێوشوێن و بڕیارە زێدەڕۆییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان بهێنێ

 مەسرور بارزانی: پێویستە بەغدا کۆتایی بە ڕێوشوێن و بڕیارە زێدەڕۆییەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان بهێنێ
ئەمڕۆ سێشەممە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبوویەوە و ئەوەی ڕاگەیاند کە پێویستە بەغدا کۆتایی بە ڕێوشوێن و بڕیارە زێدەڕۆییەکانی دژی هەرێمی کوردستان بهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٠/١٠/٢٠١٧، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ (سیریل نان)، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبوویەوە و دوا پەرەسەندنە سیاسی، سەربازییەکان و کاردانەکانی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی تاوتوێ کرا.

لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا رایگەیاند، کە ئامانجیان لەسەردانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵدانە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەنێوان ھەولێر و بەغدا.

پەیوەست بە کاردانەوە و رێوشوێنە راگەیەنراوەکانی بەغدا لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە جیاوازییەکان بە ھەڕەشە و توندوتیژی چارەسەر نابن، پێویستە بەغدا کۆتایی بە رێوشوێن و بڕیارە زێدەڕۆییەکانی دژ بە ھەرێمی کوردستان بھێنێ و رایگەیاند: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاندەر و یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی بەغدا دەست بە گفتوگۆی کراوە لەگەڵ ھەولێر بکاتەوە".

ھەروەھا مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، کە ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ھەر ھەوڵێکی نێودەوڵەتی دەکات بەئاراستەی بەدیھاتنی ئاشتی و سەقامگیری زیاتر لەناوچەکەدا.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی ھێزی پێشمەرگە لە تێشکاندنی تیرۆریستان، ئەو ئاسایش و ئارامییەی ھەیە، ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی بەغدا و ھەولێر لەپێناو بنیاتنانی بنەمایەکی ھاوبەش بۆ تێگەیشتن لەسەر پرسە ھاوبەشەکان و جەختی لەوەش کردەوە، کە سەقامگیری و ئارامی ھەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی ئەڵمانیايە.










باسنيوز
Top