حەشدی شەعبی چەکوچۆڵێکی زۆر دەھێنێتە خورماتوو

 حەشدی شەعبی چەکوچۆڵێکی زۆر دەھێنێتە خورماتوو
چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، بڕێکی زۆر چەک دەھێننە قەزاکەوە و بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتووش ڕای دەگەیەنێت: "لەم ماوەیەی ڕابردوودا حەشدی شەعبی لە خورماتوو دوو خولی سەربازییان لە قەزاکە کردەوە و بەبیانووی مەشقکردن چەکیان ھێناوە".

سەرچاوەیەکی تەناھی لە قەزای خورماتوو، ڕای گەیاند: "لەم رۆژانەی ڕابردوودا، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە دوو ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری سەربازی، چەک و تەقەمەنییەکی زۆریان ھێناوە بۆ ھێزەکانیان لە قەزای خورماتوو، ئەو چەکانە لە باشووری عێراقەوە ھێنراون و ئەو چەکانەن کە لە وڵاتی ئێرانەوە دەھێنرێن بۆ سەربازگەیەکی نزیک شاری کەربەلا لە باشووری عێراق، کە ئەو سەربازگەیە لە لایەن سەربازانی ئێرانی و عێراقی سەرپەرشتی دەکرێت، ئەو سەربازگەیە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنیی تێدایە و چەک و تەقەمەنییەکان دابەشی سەر لیوا جیاجیاکانی حەشدی شەعبی دەکات لە عێراق، ئەم جارەشیان بڕێکی زۆری چەکیان ناردووە بۆ خورماتوو".

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد: "ئەو چەکانە کە ھێنراون بۆ خورماتوو بریتین لە دەمانچە و کلاشینکۆف و بی کەی سی و ئار پی چی و ڕومانە و فیشەکی جۆراوجۆر و دابەشی سەر گرووپە جیاجیاکانی حەشد کراوە، کە لە کۆڵان و گەڕەکەکانی خورماتوودان، ھاوکات دوای ئەوەی چەکدارانی عەسائیبی ئەھلی حەق، مزگەوتی وەھابیان لە خورماتوو داگیر کرد، کە گەورەترین و بەرزترین مزگەوتە لە خورماتوو، پاشان ئاڵایەکی ڕەشیان لەسەر منارەی مزگەوتەکە ھەڵواسی، ئینجا ژمارەیەک لەو چەکانەیان بردووەتە ناو مزگەوتەکەوە".

ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی کە لە خورماتوودان بەشێکیان تورکمانە شیعەکانی خورماتوون و بەشێکی تریشیان خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراقن و چەندین قوللە و تاوەریشیان دروست کردووە و لەسەرووی ئەو قوللە و تاوەرانەشیانەوە چەکی جۆری قەناسیان داناوە و سەرکردەکانی ئەو چەکدارانەش لە ناحیەی ئامرلین، کە بە ٣٠ کیلۆ مەتر دەکەوێتە باشووری قەزای خورماتوو، لەسەر ڕێگەی نێوان خورماتوو- بەغدا.

لە چەند رۆژی ڕابردووشدا دوو ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی دوای ئەوەی بە بازگەکانی خورماتوودا تێپەڕبوونە و لە بازگەی داقوق لە لایەن ئاسایش و پۆلیسەوە ڕێگرییان لێ کراوە و دوای پشکنین دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر لە چەکی جۆراوجۆری، وەک قەناس و کلاشینکۆف و بی کەی سییان پێ بووە و دەست گیرا بەسەر ئەو چەکانەدا و ١٢ چەکداری حەشدی شەعبیش دەستبەسەر کران، کە ویستوویانە ئەو چەکانە ببەنە شاری کەرکووکەوە.

پاشان نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕای گەیاند: "ھێزێک بە بیانووی شەڕی حەویجە دەیەوێت چەک بھێنێتە ناو کەرکووک، بەڵام ئێمە بازگەکانمان ڕاسپاردووە دەستگیریان بکەن، لەبەر ئەوەی ئامانجیان دروستکردنی ئاژاوەیە لە شارەکەدا".

لەم بارەیەوە عەلی حوسێنی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، ڕای گەیاند: "چەکدارانی حەشدی شەعبی لە سنوورەکەمان ھەر ئەو چەکانەیان پێیە کە پێشتر وەریانگرتووە بە شێوەیەکی یاسایی، ئەگەر پێویست بکات بۆ شەڕی تیرۆر ئەوا چەکی تر دەھێنین، بەڵام ئەگەر پێویست نەکات ئەوا داوای چەک ناکرێ".

ڕاشی گەیاند: "ئەو کارمەندانەی حەشدی شەعبی کە لە چەند رۆژی ڕابردوو لە بازگەی داقووق دەستگیر کران، ئەوان ھیچ مەبەستێکی خراپ و ئاژاوەنانەوەیان نەبووە و ئەوان بە شێوەیەکی ئاسایی ویستوویانە بە مەبەستی کارێکیان سەردانی کەرکووک بکەن، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو کەسانە ھیچ مەبەستێکی خراپیان نەبووە و پاشان ئازاد کران".

پێوەند بە باسە، موقەدەم فارووق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕای گەیاند: "چەکدارانی حەشدی شەعبی، تا ئێستا لە کووچە و کۆڵانەکانی قەزای خورماتوودان، ھەرچەندە چەندین جار داواکراوە کە ئەو چەکدارانە لە شارەکە دەربکرێن، بەڵام تا ئێستا دەرنەکراون و ئەوان لە ھەندێک شوێنی خورماتوو بە ئارەزووی خۆیان جموجۆڵ دەکەن و لەم ماوەیەی ڕابردووشدا دوو خولی سەربازییان لە قەزاکە کردەوە و بەب یانووی مەشقکردن چەکیان ھێناوە ".

بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو گوتیشی: "پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی سنووری خورماتووی لەئەستۆ گرتووە و ئێمەش ناوەندی قەزاکە دەپارێزین، ئیتر ھیچ پێویست ناکات ئەو چەکدارانە لە شارەکەدا بن، ھەرچەندە ئەوان دەیانەوێت شەڕ دروست بێت، بەڵام ئێمەش شارەکە بە ھۆی خۆمان دەزانین و نامانەوێت شەڕ بکرێت، چونکە لە ئەنجامی دوو شەڕی گەورەی حەشدی شەعبی لە خورماتوو لەگەڵ خەڵک و دەزگا تەناھییەکان، دەیان کەس شەھید بوون و دەیانی تریش بریندار بوون".

قەزای خورماتوو، بە دووریی ٦٠ کیلۆ مەتر دەکەوێتە باشووری شاری کەرکووک و پێشتر سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە و پاشان بەھۆی سیاسەتی بەعەرەبکردنەوە خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین و قەزاکە لە کورد و عەرەب و تورکمان پێکدێت و کۆی دانیشتوانەکەی بە ٢٠٠ ھەزار کەس دەقەبڵێنرێت.










باسنيوز
Top