باڵیۆزی ئەڵمانیا: سەقامگیریی کوردستان بۆ ئەڵمانیا گرنگە

 باڵیۆزی ئەڵمانیا: سەقامگیریی کوردستان بۆ ئەڵمانیا گرنگە
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق رایدەگەیەنێت، کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی گرنگە.



بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 10/10/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە سیریل نان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێکی ئەو وڵاتە، کردووە.



سیریل نان هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی بارودۆخی هەنووکەیی عێراق کاردانەوەکانیدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان گەیاندووەتە سەرۆک بارزانی و رایگەیاندووە، ”سەقامگیری و سەلامەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا جێگەی بایەخە“.



باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق داوای کردووە هەولێر و بەغدا کێشەکانیان زیاتر ئاڵۆز نەکەن، ”چونکە دەبێتە هۆی زیان بۆ هەردوولا“ و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاریکردن بۆ دەست پێ کردنی گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان کوردستان و عێراق نیشان داوە.



هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ هاوکارییەکانیان بۆ کوردستان، رایگەیاندووە، ”ھەرێمی کوردستان ھیچ ھەنگاوی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و ئامادەی گفتوگۆیە بە بێ مەرج و بە ئەجیندایەکی کراوە لەگەڵ بەغدا“.



سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە حکوومەتی عێراق داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی دەکات، ”دەرخەری ئیرادەی گەلی کوردستانە“، کە لە پرۆسەیەکی ئاشتییانەدا ئەو گەلە دەنگی بە سەربەخۆیی کوردستان داوە.



دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بەرپرسانی باڵای عێراق، ئێران و تورکیا بە چەندین شێوە دژایەتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە راگەیاند و حکوومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دا.



هەروەها حکوومەتی عێراق بڕیاری دا هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی بنێرێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشمەرگە رەتی کردووەتەوە ئەو ناوچە کوردستانییانە چۆڵ بکات.

رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.






باسنیوز
Top